هونەرمەندی ناسراوی فارس هومایۆن شەجەریان، چوار كۆنسێرت لە هەولێر و سلێمانی ساز دەكات، جگە لە گۆرانیی فارسی، بە كوردیش گۆرانی دەڵێت.
كۆمپانیای تار پڕۆدەكشن رای گەیاند، هومایۆن شەجەریان لە 31 ئایار و یەكـی حوزەیران، دوو كۆنسێرت لە تەلاری هونەری سلێمانی ساز دەكات. دوو كۆنسێرتەكەی تر لە شەش و حەوتـی حوزەیران لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر دەبێت.
بلیتی دوو كۆنسێرتەكەی سلێمانی، لە كافێ باربێرا لە بەختیاری و جان كافێ لە عەقای، لە هەولێریش لە رێستۆرانتی تەیستی لە دریم ستی و ئەمازۆن لە گوڵان مۆڵ دەست دەكەون. هەروەها بەشێوەی ئۆنلاین بلیتی كۆنسێرتەكان لە (Tar Ticket.com) بەردەستە.
هومایۆن پێشتر دوو گۆرانیی بەزمانی كوردی گوت، پێشكەشی هەوادارانی كورد زمانی كرد و رای گەیاند، ئەو دوو گۆرانییە جوانترین دیاری منە بۆ گەلی كورد لە ئێران.
هومایۆن شەجەریان كوڕی هونەرمەند محەمەد رەزا شەجەریانە. ساڵی 1975 لە تاران لە دایك بووە. سەرەتای كاری هونەریی وەك ژەنیاری زەرب بوو لە كۆنسێرتەكانی باوكی، دواتر لە كۆنسێرتەكان و چەند ئەلبوومێكی باوكیدا بە گۆرانیی هاوكاریی دەكرد، لە 2003 یەكەمین ئەلبوومی خۆی بەناوی "نەسیم وەسل" بڵاو كردەوە و پێشوازییەكی زۆری لێ كرا.