رۆژین: نەوەی ئێمەی كورد هیچ ئاشتی نەبینی و شایانی ئەوەین بە ئاشتی بژین

:: AM:09:07:22/05/2025 ‌
هونەرمەند رۆژین لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە رای گەیاند، كورد شایانی ئەوەیە ئاشتی ببینێت و كۆتایی بەشەڕ بێت، چونكە چەندان ساڵە شەڕ ماڵی كوردی لە توركیادا وێران كرد.

هونەرمەند رۆژین لە هەڤپەیڤینێكیدا لەبارەی پرۆسەی ئاستی كورد و توركیا كە ئێستە لەناو ئەو وڵاتەدا باسێكی گەرمە، بۆ رۆژنامەیەكی توركیا قسەی كردووە و دەڵێت، هیوام ئەوەیە بگەینە رۆژێك چیر گوێمان لە شەڕ نەبێت و شەڕ بەتەواوی كۆتایی بێت.
 
رۆژین لەبارەی بڕیاری كۆتاهێنان بە خەباتی چەكداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە دەڵێت: ''نەوەی ئێمە هیچ ئاشتی نەبینی، شایەنی ئەوەین ئاشتی ببینین. شانازی دەكەم بەوەی پاڵپشتی لە برایەتی و ئاشتییەك بكەم كە كۆتایی بە ئازاری دایكان بهێنێت''.
 
ئەو هونەرمەندە كوردە باسی لەوە كرد، پێویستە هەمووان هەوڵ بۆ سەرخستنی پرۆسەكە بدەن؛ گوتیشی، ''ئاشتی پرۆسەیەكە كاریگەریی لەسەر هەموو بوارەكانی ژیانمان دروست دەكات. پێویستە هەستی رقوكینە و تۆڵەسەندەوە لە ناخمان دەربهێنین''.

لە كۆتادا رۆژین بەگومانەوە دەڵێت، هیوادارم دەوڵەتی توركیا بەراستی بێت و بەڕژدی پرۆسەكە وەربگرێت و بەدەم چارەسەرییەوە بێت، ئەگەر وا بكات ئاشتی بۆ هەمووان مایەی خێر دەبێت.
 
رۆژین ئولكەر هونەرمەندێكی كوردە و ساڵی 1980 لە ئەدەنەی توركیا لە دایك بووە، باوكی خەڵكی باكوری كوردستان و دایكیشی خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە، بە كوردی و توركی گۆرانی دەڵێت. لە ساڵی 1996 یەكەم ئەلبوومی خۆی تۆمار كرد، وەك ئەكتەر رۆڵی لە سێ فیلمی سینەماییدا بە ناوەكانی (دۆز)، (دۆڵ) و (بازاڕ) گێڕاوە.



وشە - سۆران عەزیز