سعوودیە دوای تۆپی پێ، دەیەوێ لە پیشەسازیی فیلمیشدا رۆڵی هەبێـت و بۆ ئەم مەبەستە سندووقی پاڵپشتیی بەرەوپێشچوونی كولتووری دروست دەكات.
سعوودییەكان چاویان لەسەر پیشەسازیی بەرهەمهێنانی فیلمە، دەیانەوێ لە ئاستی جیهانیدا رۆڵێكی گەورەتر ببینن و وەك وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا بەشداربن لە بەرەوپێشبردنی بەرهەمهێنانی سینەمایی.
سعوودیە سندووقی پیشەسازیی فیلمی دروست كردووە و ئەم سندووقە، ماوەی چوار ساڵە دامەزراوە، لەم ماوەیەدا توانیویەتی بە بڕی 234 ملیۆن دۆلار، وەبەرهێنان لە سینەما و پڕۆژە كولتوورییەكانی وڵاتەكەدا بكات.
سعوودیە بە رابەرایەتیی محەمەد بن سەلمان جێنشینی وڵاتەكە، دەستی بە گۆڕانكاریی لە كۆمەڵێك بوار كردووە كە چەندان ساڵ بوو بۆ كۆمەڵگەی سعوودیی قەدەغە بوو، لەوانە ئازادیی تاك، شەوە ئاهەنگ و بەشداریی ژنان لە كۆمەڵێك بواردا، ئێستەش بەبواری هونەری و بەتایبەت لە سینەمادا خەریكە وڵاتەكە بەڕووی دنیادا دەكرێتەوە، بڕیارە وەك وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا، چەندان فێستیڤاڵی فیلم و كۆنسێرت بەڕێوە ببەن.