ڕۆژان فه‌یزی خانمه هونه‌رمه‌ندی سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه له ئه‌مه‌ریكا ده‌ژیت، له ساڵی 2004ه‌وه ده‌ستی به كاری هونه‌ری كردووه و به هه‌ردوو زمانی كوردی و فارسی گۆرانی ده‌ڵێت و خاوه‌نی چه‌ندان به‌رهه‌می تایبه‌ت به خۆیه‌تی. ئه‌و له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ ''وشه'' باس له ئاماده‌كاری بۆ نوێترین به‌رهه‌می ده‌كات كه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی نه‌جمه‌ی غوڵامی بڵاوی ده‌كاته‌وه. ئه‌و پێی وایه هونه‌رمه‌نده به ئه‌زموونه‌كان ناتوانن هونه‌رمه‌نده گه‌نجه‌كان بهێنین و پێیان بڵێین پێویسته هه‌ر به‌و شێوه‌یه كار بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌بی ڕێگه‌ی ڕاستیان پێشان بده‌ن و جیاوازیی نێوان هونه‌ری ڕاسته‌قینه و هونه‌ری ساخته‌یان بۆ روون بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌ره راسته‌كه هه‌ڵبژێرن كه خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌كات.
هۆكاری دووركه‌وتنه‌وه‌ت له گۆڕه‌پانی هونه‌ر بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
له كاری هونه‌ری دانه‌بڕاوم و له ساڵی 2005 و گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ئێران، تووشی هه‌راسانییه‌كی زۆر بووم، بۆیه ناچار بووم وڵات جێبهێڵم، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌رم هه‌بوو، بۆیه ڕووم له‌و جۆره گۆرانییانه كرد كه ده‌توانین پێی بڵێین هونه‌ری شۆڕشگێڕانه. ساڵی 2008 گۆرانییه‌كه‌م پێشكه‌ش كرد، بریتی بوو له به‌شی دووه‌می گۆرانی ''مورغی سه‌حه‌ر'' دواتر له ساڵی 2010 گۆرانیی ''300 گوڵی سوور'' و له ساڵی 2012 گۆرانیی ''په‌پووله‌ی ئازادی''م دوای ڕه‌زامه‌ندیی مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی گوته‌وه. دواتر گۆرانیی ''ئه‌فسانه‌ی هه‌وا''م پێشكه‌ش كرد كه شیعری ئه‌فشینی یه‌دوڵاییه، دژی جه‌نگه له‌سه‌ر زاری دایكێك ده‌گێڕێته‌وه كه ئازیزی خۆی له ده‌ست داوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می ترم پێشكه‌ش كردووه.
هه‌ست ناكه‌یت به‌رهه‌می هونه‌ریت كه‌مه؟
ژماره‌ی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كان بۆ من گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و به‌رهه‌مانه له منه‌وه نزیك بن و بتوانم پێشكه‌شیان بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تیی كوردایه‌تییان بپارێزرێت، ئامانجم ئاشناكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكییه به هونه‌ری ڕه‌سه‌نی كوردی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه له زۆربه‌ی ویلایه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا كۆنسێرتم ساز كردووه، كۆنسێرتێكم هه‌بوو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئاینوور كه خه‌ڵكی باكوری كوردستانه، هه‌وڵمان داوه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی به‌شه‌كانی كوردستان به زاراوه‌ی جیاجیا گۆرانی پێشكه‌ش بكه‌ین.
ئایا هونه‌ری شۆڕشگێڕی له پارچه‌كانی كوردستان باوی ماوه یان گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا داهاتووه؟
بێگومان هه‌ر ستایلێكی نوێی هونه‌ری پێوه‌سته به بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووریی كۆمه‌ڵگه‌وه، هونه‌ر ده‌چێته بنج و بنه‌وانی كۆمه‌ڵگه و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه باس ناكرێن هونه‌ر ده‌یخاته ڕوو، ئه‌مه‌ش پێوه‌ندیی به تاك و به كۆمه‌ڵگه‌وه هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سه‌یری ڕووداوه‌كانی كۆبانێ بكه‌ین، ده‌بینین له سه‌رانسه‌ری دنیادا له ڕێگه‌ی هونه‌ر و موزیكه‌وه پشتیوانی و پشتگیری‌یان له خه‌ڵكی كۆبانێ كرد، به هه‌مانشێوه بۆ ڕووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش له سه‌رانسه‌ری دنیا، ده‌نگ و سه‌دایه‌كی زۆری هه‌بوو، من ماوه‌ی سی ساڵه نه‌متوانیوه بچمه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ڵام ڕۆژانه پێوه‌ندیم هه‌یه و ده‌زانم چی ده‌گوزه‌رێت، بۆیه ده‌بینین دوای ڕووداوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌ك جاران هونه‌ری هه‌ڵپه‌ڕكێ و سه‌ما باوی نییه، به‌ڵكو ئێسته زیاتر گۆرانیی خه‌مگین و گۆرانیی شۆڕشگێڕی له ناو خه‌ڵكدا باوه، ماوه‌كانی ڕابردوو ته‌واوی گۆرانی و موزیكی له ئێران كه‌وته ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ڕوویان دا، ئێسته‌یش به هه‌مانشێوه به‌رده‌وامه له ڕۆژئاوای كوردستان كه ئێسته برینداره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری باشووری كوردستان بكه‌ی، له‌وانه‌یه تا ئاستێك جیاواز بێت و گۆرانی و موزیكی هه‌ڵپه‌ڕكێ له پێشكه‌وتندایه و گرنگیی زۆری پێ ده‌درێ.
چۆن بتوانین هونه‌ر به‌ره‌وپێش به‌رین؟
له هه‌ر شوێنێك ده‌سه‌ڵات گرنگی به هونه‌ر و فه‌رهه‌نگی ڕه‌سه‌نی میله‌ته‌كه‌ی بدات، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ریی هونه‌ری ڕاسته‌قینه و له ژیانی ڕۆژانه‌یدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندی به ئه‌زموون ناتوانین هونه‌رمه‌نده گه‌نجه‌كان بهێنین و پێیان بڵێین پێویسته به‌و شێوه‌یه كار بكه‌ن كه ئێمه ده‌مانه‌وێت، به‌ڵكو ده‌بی ڕێگه‌ی ڕاستیان پێشان بده‌ین كه هونه‌ری ڕاسته‌قینه كامه‌یه و هونه‌ری ساخته‌ش كامه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌ری كوردی پێش بخه‌ن و گرنگیی پێ بده‌ن، ئه‌و كاته ئه‌وان ده‌زانن كه هونه‌ری كوردی هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نه، به‌ڵام وه‌ك گوتم ناكرێت ئێمه به زۆر پێیان بڵێین پێویسته واز له هونه‌ری نوێ و سه‌رده‌م و هاوچه‌رخ بهێنن و ته‌نیا گرنگی به هونه‌ر و موزیكی كۆن و ڕه‌سه‌ن بده‌ن. ئێسته گه‌نجه‌كانمان له‌ژێر كاریگه‌ریی ئینته‌رنێت و سۆشیال میدیادان و ڕۆژانه جۆره‌ها موزیك و گۆرانی ده‌بیستن، زه‌حمه‌ته ئێمه بتوانین له‌سه‌ریان فه‌رز بكه‌ین كه گرنگیی ته‌نیا به هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی كوردی بده‌ن، به‌ڵكو ده‌بێ ڕێی ڕاستیان پێشان بده‌ین و ئازادیان بكه‌ین خۆیان كار بكه‌ن و گرنگی به هونه‌ری كوردی بده‌ن.
به كێ ده‌گوترێت هونه‌رمه‌ندی راسته‌قینه؟
هونه‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه كه بزانێت چۆن هونه‌ری ڕه‌سه‌نی كوردی وه‌ك خۆی ده‌پارێزێت و بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووی ده‌گوازێته‌وه، له هه‌مان كاتدا هونه‌ری سه‌رده‌م و هاوچه‌رخیش پێشكه‌ش بكات كه له‌گه‌ڵ ڕۆح و سه‌رده‌می ئێسته‌ماندا بگونجێت، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌ركی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش ئه‌وه‌یه كه به‌رده‌وام به شێوه‌ی به‌رنامه‌داڕێژراو و ڕێكخراو ساڵانه یان به‌گوێره‌ی به‌رنامه، فێستیڤاڵ و كۆنسێرت بۆ هونه‌رمه‌ندان ساز بكات بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك پێكبه‌ستن له نێوان هونه‌ری ڕاسته‌قینه و ڕه‌سه‌ن و هونه‌ری گه‌نجه‌كانماندا هه‌بێت.
پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر هونه‌ر هه‌بووه؟
به‌داخه‌وه بارودۆخه‌كه زۆر گۆڕاوه، جاران كه گۆرانییه‌كت تۆمار ده‌كرد پێویست بوو ژماره‌یه‌كی زۆر موزیسیان بهێنیت، هه‌ریه‌كه به ئامێرێك ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی ئه‌نجام ده‌دا و كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر هه‌بوو، به‌ڵام ئێسته ده‌بینین به ته‌نیا یه‌ك ئامێر، ئه‌ویش ئۆرگێكه، كه‌سێك دێت كه زۆر شاره‌زایی له موزیك نییه و له ڕووی ئه‌كادیمییه‌وه موزیكی نه‌خوێندووه، به یه‌ك دوگمه هه‌ر موزیكێكت بوێ پێشكه‌شی ده‌كات له هه‌ڵپه‌ڕكێ یان خه‌مگینی، ئیتر هه‌موو جۆره موزیكه‌كان پێشكه‌ش ده‌كات، نه‌وه‌كانی ئێسته كه ئه‌م جۆره موزیكه ده‌بینن كاریگه‌ریی له‌سه‌ر فیكر و هزریان ده‌كات و وا ده‌كات كه له موزیكی ڕه‌سه‌ن دوور بكه‌ونه‌وه، وا ده‌كات نه‌زانن موزیك چییه و ئامێره‌كان چین، ئیتر شاره‌زاییان له موزیك نابێت. جاران بۆ سازكردنی یه‌ك ئاهه‌نگ چه‌ند كه‌سێك ده‌هاتن هه‌ریه‌ك به ئامێرێك كه شاره‌زایی و پسپۆڕیی لێی هه‌یه، له‌سه‌ر سته‌یج داده‌نیشتن خه‌ڵك ده‌یانناسین، به‌ڵام ئه‌مه گۆڕاوه و پێویسته ئه‌مه چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌رنا نه‌وه‌كانی داهاتوومان هیچ زانیاری و پسپۆڕییه‌كیان له‌باره‌ی موزیكی ڕه‌سه‌نی كوردی و ئامێره‌كان نابێت.
هونه‌ر ده‌بێته هۆی په‌یداكردنی بژێوی بۆ هونه‌رمه‌ند؟
من هیچ كات بۆ بژێوی پشتم به هونه‌ر نه‌به‌ستووه و تا ئێسته هیچ بڕه پاره‌یه‌كم له كاری هونه‌ری ده‌ست نه‌كه‌وتووه، شانازیش ده‌كه‌م كه خۆم له ئه‌مه‌ریكا كارم كردووه و له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆم به‌رهه‌می هونه‌ریم بڵاو كردووه‌ته‌وه، ئێسته‌یش به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ر ئه‌م ڕێچكه‌یه، له ماوه‌ی ڕابردوودا دوایین كاری خۆم بڵاو كرده‌وه كه بریتی بوو له ''بانگه‌وازی ئافره‌تان''، له داهاتووشدا به نیازم له‌گه‌ڵ مامۆستا نه‌جمه‌ی غوڵامی به‌رهه‌مێكی تر بڵاو بكه‌مه‌وه كه كاری موزیكی له كوردستان ئه‌نجام دراوه و ته‌واو كراوه.
میدیای كوردی تا چه‌ند خزمه‌تی هونه‌ری كوردی كردووه؟
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ندان ساڵه له بواری هونه‌ریدا كار ده‌كه‌م و به‌رهه‌می هونه‌ری بڵاو ده‌كه‌مه‌وه، به‌شداریی له كۆنسێرت و ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌كه‌م، به‌ڵام میدیای كوردی وه‌ك پێویست گرنگی به كاره‌كانی من نه‌داوه و ده‌توانم بڵێم پشتگوێ‌یان خستووه، ئه‌م بابه‌ته بۆ منیش مایه‌ی سه‌رنج و تێڕامان بووه، له كاتێكدا به‌رهه‌مه‌كانم له سه‌رانسه‌ری ئه‌مه‌ریكا و له شوێنه‌كانی تر بڵاو ده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام گرنگییان پێ نادرێت و پشتگوێ ده‌خرێن، له ساڵی 2019 كاتێك بوومه‌له‌رزه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له شاره‌كانی قه‌سری شیرین و كرماشان ڕووی دا، من له ڕێگه‌ی دوو ڕیكخراوی ئه‌مه‌ریكییه‌وه یه‌كێكیان له‌لایه‌ن دكتۆر فه‌یروزی نادرییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، كه یه‌كێكه له كارمه‌نده‌كانی ناسراوه‌كانی بواری بۆشایی ئاسمان له ناسا، هاوكاری و كۆمه‌كم بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه كۆ كرده‌وه و ناردم، هه‌روه‌ها خۆیشم له سانفرانسیسكۆ كۆنسێرتێكی تایبه‌تم ئه‌نجام دا، داهاته‌كه‌ی تایبه‌ت بوو بۆ قوربانییانی ئه‌م كاره‌ساته سروشتییه.
وشه\ئه‌حمه‌د تاریق