تارا محەمەد ئەحمەد كە لە دایكبووی شاری مهابادی روژهەڵاتی كوردستانە، شێوەكارێكی بەتوانا و لێهاتووە و خاوەنی چەندان تابلۆی جوان و سەرنجڕاكێشە و ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانە، لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ "وشە"دا باسی كارەكانی دەكات.
ئێوەی شێوەكار كێشەكانتان چییە؟
كێشەی شێوەكار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆر گرنگی بە هونەری شێوەكار نادرێت و تا ئاستێكی زۆر نرخی بەرهەمەكان نازانرێ.
ژنان وەك كارەكتەر تا چەند لە ناو تابلۆكانتدا ئامادەییان هەیە؟
ژنان لە كۆنەوە لە هونەر و ئەدەبدا نموونە بوون، منیش وەك ژن هەموو كات گرنگیم بە ژن داوە لە لە تابلۆكاندا، بۆ ئەوەی قودرەتی ژن بە جوانی وەك خۆی پێشان بدەم، چونكە تەكنیك و ستایلی من زیاتر ئابستراكت و هونەری ئینتزاعییە.
چ شتێك ئیلهام دەبەخشێت یان كاریگەریی دەكاتە سەر كارە هونەرییەكانت؟
ژیانی خۆم و بەسەرهاتەكانی خۆم، چونكە هەر شتێك زۆر بیری لێ بكەمەوە راستەوخۆ دەیكەم بە تابلۆیەك.
چ بابەتێكی سەرەكی لە تابلۆكانتدا زاڵە؟
هێزی ژن ئازادی سەربەخۆیی.
ئایا مەرجە هەموو تابلۆیەك پڕ نهێنی و شاراوە بێت؟
بەڵێ تابلۆكان پڕ لە نهێنین و سرنجڕاكێشترن، خەڵك دەخاتە ناو فكر و هەر كەسێك بەپێی هەستی خۆی لێی تێدەگات و بڕیار لەسەر تابلۆكە دەدات.
دروستكردنی تابلۆیەك تێچووەكەی زۆر نییە، بەڵام بۆچی نرخەكەی زۆرە؟
راستە تێچووی كەمە، بەڵام شێوەكار هەموو هەست و كاتی خۆی بۆ ئەوپەڕی هونەری خۆی دادەنێت و ئەمیش بەها و نرخی زۆرە.
وشە/ ئەحمەد تاریق