وەزارەتی داد پێشانگەیەكی هەمیشەیی بەناوی پێشانگەی داد بۆ كتێب دەكاتەوە

:: PM:12:04:27/05/2025 ‌
وەزارەتی دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەمنزیكانە پێشانگەی داد بۆ كتێب دەكاتەوە، پێشانگەكە هەمیشەیی دەبێت و لە تەنیشت باڵەخانەی وەزارەتی داد، باڵەخانەیەكی دوو نهۆمی بۆ دروست كراوە كە دەكەوێتە سەر شەقامی سەرەكیی عەینكاوە، ئەو پێشانگەیە رۆژانە سەعات هەشتی بەیانی تا ئێوارە بەردەوام دەبێت.

لە پێشانگەی داد بۆ كتێب، تەواوی ئەو كتێب و گۆڤار و بڵاوكراوانە نمایش دەكرێن كە بە هەرسێ زمانی (كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی)، لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد چاپ و بڵاو كراونەتەوە، كتێبەكان نرخیان لەسەر دەبێت، بەڵام مەبەست و ئامانج دەستكەوتی بازرگانی نییە، بەڵكو زیاتر بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی یاساییە، بۆ دەستڕاگەیشتنی یاساناسان و قوتابیانی یاسا و ئەكادیمییەكانە بە سەرچاوە گرنگ و جیهانییەكانی بواری یاسا .
 
ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد لە ساڵی 2020ەوە دامەزراوە، تا ئێستە، ٢٥ كتێبی بواری یاسای چاپ و بڵاو كردووەتەوە، 25 نامیلكەی تریشی بە چاپ گەیاندووە و 12 ژمارەی گۆڤاری ناوەندەكەیی بەناوی (گرێبەستی كۆمەڵایەتی) بڵاو كردووەتەوە، چوار ژمارەی تایبەتی تری لە گۆڤارەكەشی تایبەت كردووە بە بڵاوكردنەوەی توێژینەوەكانی ناو ئەو كۆنفرانسانەی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا سازی كردبوون.

لەوبارەیەوە دكتۆر محەمەد سلێمان سەرۆكی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، لە لێدوانێكیدا رای گەیاند، پێشانگەی داد بۆ كتێب، لە ماوەیەكی نزیكدا دەكرێتەوە و لە داهاتووشدا زیاتر فراوانی دەكەین و كتێبی زیاتری تێدا نمایش دەكەین، چ ئەوانەی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش، هەروەها پێشانگەكە دەكەینە سەكۆیەك بۆ بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری و هۆشیاریی یاسایی و دەبێتە ماڵێك بۆ یاساناسان و ئەوانەی لە بواری یاسادا كار دەكەن .


وشە - رامیار جەواد