ئەمڕۆ 30 ساڵ بەسەر مەرگی هونەرمەند تەحسین تەهادا تێدەپەڕێت، تەحسین لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێكی زۆری هونەری كوردی كردووە و یەكێكە لەو هونەرمەندە كوردانەی هەگبەی هونەریی پڕ بوو.
تەحسین تەها لە ساڵی 1941 لە ئامێدی لەناو بنەماڵەیەكی كوردپەروەر لە دایك بووە و لەناو خێزانێكی نیشتمانپەروەر و هونەردۆستدا گەورە بووە، باوكی كەسێكی دەنگخۆش بووە و دەستی نووسینی شیعریشی هەبووە، زۆر جار لە كۆڕ و كۆبوونەوە كۆمەڵایەتییەكاندا گۆرانیی گوتووە، تەحسینی كوڕی بەهۆی دەنگخۆشییەكەی باوكیەوە ڕێبازی هونەری گرتەبەر.
تەحسین تەهای هونەرمەند لە منداڵییەوە حەزی لە گۆرانیگوتن دەكرد و لەگەڵ باوكی زۆرجار گۆرانییان پێكەوە دەگوت، لە كاتی گەنجیدا یەكەمین گۆرانیی بە ناوی "ئەشكەرا ناكەم یا لبەر ڤی دلی" كە هۆنراوە و ئاوازی خۆی بووە، لە ساڵی 1971ـدا لە بەشی كوردیی ڕادیۆی بەغدا تۆماری كردووە.
تەحسین تەها خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە دهۆك تەواو كردووە و ساڵی 1960 چووەتە بەغدا، لە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان وەرگیراوە، ساڵی 1964 دوای چەندان جار گرتن، بەڵام پەیمانگەی تەواو كردووە.
بەپێی هەندێك ئامار، نزیكەی 120 گۆرانیی تۆمار كردووە و بەگشتیش خاوەنی نزیكەی نزیكەی 150 گۆرانییە. گەلێك چالاكیی ھونەریی لە بواری موزیك و سروودی نیشتمانی دەكات، بزووتنەوەی شانۆش لە شارۆچكەكەدا پێش دەخات و ماڵەكەشی دەكاتە مەڵبەندێكی ھونەری و یانەی موزیك و گۆرانیبێژانی كورد.
تەحسین ساڵی 1968 دەگوازێتەوە بۆ ھەولێر و لە قوتابخانەیەكی نموونەیی ھەولێر دەكرێت بە مامۆستای سروود و موزیك، گیانی ھونەریی لە ناو قوتابییەكانیدا دروست دەكات و لە دەرەوەی قوتابخانەشدا لەگەڵ دەستەیەك لە موزیكژەن و ھونەرمەندان تیپی موزیكی ھونەریی ھەولێر دادەمەزرێنێت.
ھونەرمەند تەحسین تەھا لە بەشی چالاكیی ھونەریی سەربە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی ھەولێر، دەكرێت بە ڕاھێنەری موزیك و سروودی قوتابخانەكان و دەستەیەكی باش لە قوتابییەكانی فێری موزیك دەكات.
كارە هونەرییەكانی
تەحسین تەها هونەرمەندێكی دیار و ناسراوی كوردە و لە چەندان بواری جیاوازدا خزمەتی بە هونەرەكانی گۆرانی و موزیكی كوردی كردووە، ڕۆڵی دیار و بەرچاوی لە نوێكردنەوەی هونەری گۆرانی لە ناوچەی بادینان هەبووە.
هونەرمەند بێجگە گۆرانیگوتن، كاری نواندنیشی كردووە، ئاوازەكانی ئەم ھونەرمەندە زیاتر لە ئاوازی میلی و كولتووری ھونەری نەتەوایەتیی كوردەوە وەرگیرابوون و ژیانی گوند و لادێیان پێوە دیار بوو، كە سەرجەمیان لە ژیانی كۆمەڵایەتی و ئەڤین و خۆشەویستییەوە سەریان ھەڵداوە، زۆربەی ئاوازەكانیشی لەسەر مەقامی بەیات دەگوتران، چونكە لەگەڵ دەنگی دەگونجان.
لە موزیكژەن و ئاوازدانەرەكانی كورد، زیاتر ڕای لە دڵشاد سەعید و ئەنوەر قەرەداغی بوو، لە گۆرانیبێژەكانیش زیاتر ڕای لە محەمەد عارفی جزیری و تاهیر تۆفیق و شەماڵ سائیب بوو.
تەحسین تەهای هونەرمەند لەو سەردەمەی باری كوردستان سەخت بوو، چووە هۆڵەندا و چەند ساڵێك لەو وڵاتەدا بە ئاوارەیی ژیا، تا لە ٢٨ـی ئایاری 1995ـدا لە نەخۆشخانەیەكی ئەو وڵاتە بە نەخۆشیی دڵ كۆچی دوایی كرد، تەرمەكەی لە چوارـی حوزەیرانی 1995 گەیشتەوە كوردستان و لە ئامێدی سپاردەی خاك كرا.