شیریهان به‌كلرۆ شێوه‌كارێكی به‌توانای عه‌فرینی ڕۆژئاوای كوردستانه كه له ساڵی 2016وه بۆ ئه‌ڵمانیا كۆچی كردووه، له‌گه‌ڵ خوێندنی فه‌لسه‌فه، په‌یمانگه‌یه‌كی هونه‌ر له حه‌له‌بی ته‌واو كردووه و ئه‌وه‌ی فێری بووه، ڕه‌هه‌ندێكی فكریی قووڵی به‌خشیوه به كاره‌كانی. ئه‌و له چاوپێكه‌وتنێكی ''وشه'' دا ده‌ڵێت، تابلۆكانی تایبه‌تمه‌ندن به ورووژاندنی پرسیاره‌كانی ناسنامه، ئافره‌ت، كاریگه‌رییه‌كانی مرۆڤ له‌سه‌ر سروشت. دیاره سه‌ره‌تا كاره‌كانی به وێنه‌كێشانی جوانییه‌كانی سروشت ده‌ست پێ كرد، به‌ڵام دواتر گۆڕی بۆ كاریگه‌رییه ژینگه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ڕه‌فتاری مرۆڤ . شیریهان به‌شداری له چه‌ندان پێشانگه‌دا له سووریا، سوید و ئه‌ڵمانیا كردووه و ئێسته به‌رهه‌مه‌كانی له مۆزه‌خانه‌ی ئافره‌تان له شاری بۆن نمایش ده‌كرێن.
هۆكار چییه تێكه‌ڵبوونێك له ڕووی بابه‌تی له تابلۆكانتاندا هه‌ستی پێ ده‌كرێت؟
له تابلۆكانمدا هه‌وڵ ده‌ده‌م دنیایه‌كی پڕ له ئاڵۆزی بگه‌یه‌نم كه نزیكه له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی هاوچه‌رخ. ژیانی ئه‌مڕۆ ساده نییه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك ئاڵۆزییه كه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا تێكه‌ڵ ده‌بن، جا چ له‌سه‌ر ئاستی ژینگه‌یی، كۆمه‌ڵایه‌تی یان ته‌كنه‌لۆجی، تابلۆكانم ئه‌م ئاژاوه‌گێڕییه به شێوه‌یه‌ك ده‌رده‌بڕن كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دووانه‌یه‌ی ڕۆژانه تێیدا ده‌ژین. له كاتێكدا ئێمه ئاواته‌خوازین شته‌كان كۆنترۆڵ بكه‌ین، خۆمان ده‌بینینه‌وه كه له‌ناو گێژه‌ڵووكه‌ی پێشهاته خێراكان و زیادبوونی ئاڵنگارییه‌كاندا گیرمان خواردووه، ئه‌م تێكه‌ڵییه ئامانجی ئه‌وه‌یه وه‌رگر به قووڵی بیر له‌و پرسه زۆرانه بكاته‌وه كه ڕۆژانه ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه، جا پێوه‌ندییان به پیسبوون، زێده‌ڕۆیی له به‌كارهێنانه‌وه هه‌بێت، یان له‌ده‌ستدانی پێوه‌ندییه مرۆییه‌كان. ئه‌و په‌یامانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌م بیگه‌یه‌نم، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م گرژییه به‌رده‌وامه‌ی نێوان مۆدێرنیته و داڕمانی ژینگه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه پاڵنه‌رێكی سه‌ره‌كییه له پشت ئه‌م ئاڵۆزییه به‌ئه‌نقه‌سته له كاره هونه‌رییه‌كانمدا.
تابلۆكانت به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستی بۆ ژینگه پێشان ده‌ده‌ن، ئایا هونه‌ر ده‌توانێت ڕۆڵێكی ئه‌رێنی له پاراستنی ژینگه‌دا بگێڕێت؟
باوه‌ڕم وایه ده‌بێ هونه‌ر ده‌نگێكی به‌هێز بێت له داكۆكیكردن و پاراستنی ژینگه‌دا. تابلۆكانم نه‌ك ته‌نیا له ڕوانگه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌وه تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر پرسه ژینگه‌ییه‌كان، به‌ڵكو له ڕوانگه‌ی تێڕامانیشه‌وه‌یه له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه وێرانكه‌ره‌كان ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی به‌په‌له نه‌گرینه‌به‌ر. بۆ نموونه، تابلۆكان كه كۆمه‌ڵێك ئۆتۆمبێلی جێهێڵراو، یان مۆبایله كۆنه‌كان پێشان ده‌ده‌ن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌رنج بۆ ئه‌و قه‌یرانه ته‌كنه‌لۆجییه ڕابكێشن كه ئه‌مڕۆ ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌یش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ژینگه دروست ده‌كات.
هونه‌ر ده‌توانێت ئیلهامبه‌خش بێت بۆ خه‌ڵك، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بنێن و ڕێگه‌یه‌كیان پێ بدات بۆ پێوه‌ندیكردن به سروشته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی سۆزداری و جوانكاری. من پێم وایه هونه‌ر ته‌نیا ئامرازێكی ده‌ربڕین نییه، به‌ڵكو ڕێگه‌یه‌كه بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له واقیعی دنیا و بیرۆكه‌ی چاره‌سه‌ره‌كان. هونه‌ر ده‌توانێت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌روون و دڵ هه‌بێت.
هۆكار چییه له كاره‌كانت قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر هه‌یه؟
قه‌ره‌باڵغی له وشه‌سازیی هونه‌ریی مندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئاژاوه سه‌رسه‌خته‌یه كه له دنیای هاوچه‌رخدا ده‌وری ئێمه‌ی داوه. ئه‌م گونجاندنه فه‌رهه‌نگییه، هه‌ستی من ده‌رده‌بڕێت كه له ده‌ریایه‌كی ئالنگاریدا نوقم بووم. كاتێك سه‌یری شاره گه‌وره‌كان یان دیمه‌نه وێرانه‌كان ده‌كه‌م، هه‌ست ده‌كه‌م هه‌موو شتێك ئه‌وه‌نده تێكه‌ڵاو و ئاڵۆزه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له دنیایه‌كی پڕ له سیگناڵی دژ به یه‌ك و په‌یامی ناڕووندا بژین.
هونه‌ر بۆ من ڕێگه‌یه‌كه بۆ پێشكه‌شكردنی وێنه‌یه‌كی ڕوونتر، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك ڕێز له‌و ئاڵۆزییه بگرێت كه ده‌وری ئێمه‌ی داوه. هه‌وڵ ناده‌م له تابلۆكانمدا چاره‌سه‌ریی ڕاسته‌وخۆ یان وه‌ڵامی ڕوون بخه‌مه ڕوو، به‌ڵكو زیاتر بانگهێشتی بینه‌ر ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م ئاژاوه‌گێڕییه‌دا كارلێك بكات و بیر له ڕۆڵ و به‌رپرسیارێتیی خۆی بكاته‌وه له‌ناو ئه‌م سیستمه پێكه‌وه‌لكاوه‌دا. هه‌ر وشه‌یه‌ك یان توخمێك له تابلۆكانمدا مانایه‌ك هه‌ڵده‌گرێت و به‌شداره له دروستكردنی ئه‌زموونێكی بینراو كه هانده‌ری بیركردنه‌وه بێت، له‌سه‌ر ئه‌و بڕه زۆره‌ی زانیاری و ئاڵنگارییه‌ی كه ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه.
ئایا گوتاری هونه‌ری كاریگه‌ریی هه‌یه له جه‌نجاڵیی ژیانی هاوچه‌رخدا؟
دنیای ئه‌مڕۆ زۆر خێرایه، به‌ڵام گوتاری هونه‌ری هێشتا كاریگه‌ریی تایبه‌ت و گرنگی خۆی هه‌یه. ڕاستییه‌كه‌ی هونه‌ر ده‌توانێت له‌م سه‌رده‌مه تایبه‌ته‌دا ڕۆڵێكی گه‌وره‌تری هه‌بێت. له كاتێكدا مرۆڤه‌كان له گێژه‌ڵووكه‌یه‌كی گوشار و گرژیدا ده‌ژین، هونه‌ر ده‌توانێت ڕێگه‌یه‌ك بێت بۆ وه‌ستان و بیركردنه‌وه، تابلۆكانم هه‌وڵ ده‌ده‌ن ساتێكی بێده‌نگی و هێمنی له ناو جه‌نجاڵیی ژیاندا دروست بكه‌ن، ساتێك بینه‌ر بانگهێشت ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بیر له مانای ئه‌و ئالنگارییانه بكاته‌وه كه ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، چ ژینگه‌یی، كۆمه‌ڵایه‌تی یان كه‌سی بێت.
هونه‌ر هێزی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه خێرایی دنیای دیجیتاڵی بشكێنێت و مرۆڤه‌كان ڕابكێشێته ناو ساتێكی تێڕامانی بینراو و فیكرییه‌وه، له جه‌نجاڵی ژیاندا هونه‌ر ده‌بێته بانگه‌وازێك بۆ به‌رخۆدان، مه‌رج نییه له ڕێگه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كی به‌رزه‌وه بێت، به‌ڵكو له ڕێگه‌ی ئیلهام و تێڕامانێكی قووڵه‌وه ده‌بێت. پێموایه هونه‌ر ته‌نانه‌ت له‌م سه‌رده‌مه پڕ ئاژاوه‌یه‌شدا كاریگه‌رییه‌كانی ده‌مێنێته‌وه و ڕه‌نگه به تێپه‌ڕبوونی كات گرنگتر بێت.
به‌بۆچوونی تۆ له گوتاری جوانیناسی له تابلۆدا، ڕه‌نگ گرنگتره یان ورده‌كاری؟
ورده‌كاری و ڕه‌نگ ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن له داڕشتنی گوتاری جوانیناسی له به‌رهه‌مه‌كانمدا. ورده‌كاری مانا ئاراسته ده‌كه‌ن و په‌یامه‌كه پێناسه ده‌كه‌ن، له كاتێكدا ڕه‌نگ ئه‌زموونی سۆزداریی بینه‌ر به‌رز ده‌كاته‌وه. زۆرجار ورده‌كاری له تابلۆكانمدا واتای به‌هێزی هه‌ڵده‌گرێت، وه‌ك كه‌ڵه‌كه‌بوونی مۆبایل یان ئۆتۆمبێلی جێهێڵدراو كه ئاماژه‌ن بۆ پیسبوونی ژینگه. ئه‌مانه كار ده‌كه‌ن بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ستی دڵه‌ڕاوكێ یان هیوا، بۆ نموونه به‌كارهێنانی ڕه‌نگی كاڵ وه‌ك خۆڵه‌مێشی و ڕه‌ش، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دڵه‌ڕاوكێ و گێژاوه‌یه كه هه‌ستی پێ ده‌كه‌م له‌باره‌ی داهاتووی ژینگه‌یی، له كاتێكدا له‌وانه‌یه ڕه‌نگه گه‌شاوه‌تره‌كانی وه‌ك پرته‌قاڵی یان زه‌رد په‌یامێكی هیوا هه‌ڵبگرن، یان لانیكه‌م بانگهێشتنامه‌یه‌ك بۆ ڕه‌چاوكردنی ئه‌گه‌ری گۆڕانكاری بن. له كۆتاییدا ورده‌كاری و ڕه‌نگ پێكه‌وه كارده‌كه‌ن بۆ دروستكردنی كاریگه‌رییه‌كی ته‌واو بینراو و چه‌مكئامێز.
ده‌توانیت به كاركردن له بواری هونه‌ردا فێری كاری نوێ ببیت؟
به‌ڵێ، هونه‌ری جوان ته‌نیا ڕێگه‌یه‌ك نییه بۆ ده‌ربڕینی خۆم، به‌شێكی جه‌وهه‌رییه له ناسنامه و ژیانم. هه‌موو ڕۆژێك له ڕێگه‌ی ئه‌و تابلۆیانه‌وه دروستیان ده‌كه‌م، شتێكی نوێ له‌باره‌ی خۆم و دنیا فێر ده‌بم، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌سته‌كانم و ترسه‌كانم و هیواكانمن. هونه‌ر ده‌رفه‌تێكم پێ ده‌به‌خشێت كه به شێوه‌یه‌كی قووڵتر له خۆم و دنیای ده‌وروبه‌رم تێبگه‌م، ئاوێنه‌یه‌كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی كه‌سایه‌تی و فكریی منه، فێری ئارامی و كۆڵنه‌دان و كراوه‌یی بۆ بیرۆكه‌ی نوێ ده‌بم. هه‌روه‌ها كارلێككردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، چ له ڕێگه‌ی پێشانگه یان گفتوگۆ، ده‌رفه‌تێكم پێ ده‌دات له روانگه‌ی نوێ له‌باره‌ی كاره‌كانم و ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه باسیان ده‌كه‌م، فێر ببم، هونه‌ر بۆ من گه‌شتێكی به‌رده‌وامی فێربوون و گه‌شه‌كردنه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ژیانم چالاك و ئیلهامبه‌خش بێت.
ئافره‌ت له كوێی كاره هونه‌رییه‌كانتدا جێی ده‌بێته‌وه؟
ئافره‌ت له كاره هونه‌رییه‌كانی مندا نه‌ك ته‌نیا وه‌ك ڕه‌مزێك، به‌ڵكو وه‌ك توخمێكی ناوه‌ندییه كه گوزارشت له هێز و لاوازی، ئاڵنگاری و قوربانیدان ده‌كات. له زۆر له تابلۆكانمدا ئافره‌ت به‌شێكی جه‌وهه‌ری گێڕانه‌وه‌یه، چ ڕاسته‌وخۆ بێت یان ڕه‌مزی. من ئافره‌ت وه‌ك ئاوێنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگه ده‌بینم و ڕۆڵی له هونه‌ردا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵنگارییانه‌یه كه له ژیانی ڕۆژانه‌دا ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، جا پێوه‌ندییان به ناسنامه، ده‌سه‌ڵات، یان ئازادییه‌وه هه‌بێت.
له یه‌كێك له تابلۆكاندا ئافره‌تان له ساته‌وه‌خته جیاوازه‌كانی هێز یان راده‌ستبووندا ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ململانێ به‌رده‌وامه‌یه كه ئافره‌تان له دنیایه‌كی پڕ له دژایه‌تیدا تاقیی ده‌كه‌نه‌وه. له تابلۆكانمدا ڕه‌نگ و هێما به‌كار ده‌هێنم بۆ به‌هێزكردنی ئه‌م بیرۆكه‌یه، له‌گه‌ڵ ڕه‌نگی كاڵ هه‌ندێك جار ده‌ربڕینی ئازار و ئاڵنگارییه‌كاندا، له كاتێكدا ڕه‌نگه سووكه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هیوا و هێزن.
بۆ من ئافره‌ت نوێنه‌رایه‌تیی هێز له به‌رانبه‌ر ناخۆشییه‌كاندا ده‌كات و توخمێكی جه‌وهه‌رییه له به‌رگریكردن له ژینگه و كۆمه‌ڵگه. ئافره‌ت ته‌نیا بابه‌تێكی هونه‌ری نییه، به‌ڵكو هاوبه‌شی گۆڕانكاری و چاكسازییه كه هه‌ندێك جار وه‌ك هێمای سروشت، هه‌ندێك جار له ئیستغلالكردن ماندوو و هه‌ندێك جار به‌هێز و توانای نوێبوونه‌وه‌ی هه‌یه، نیگاری ده‌كێشم، ئه‌م فره‌ڕه‌هه‌نده ڕه‌نگدانه‌وه‌ی تێڕوانینی كه‌سیی منه بۆ ڕۆڵی ئافره‌تان له دنیادا.
هه‌ولێر\ئه‌حمه‌د تاریق