ئەیووب عەلی گۆرانیی كوردی بۆ یۆنانی و ئیسپانییەكان دەڵێت

:: PM:01:21:02/06/2025 ‌
هونەرمەند ئەیووب عەلی لە گەشتێكی تری هونەریدا دەچێتەوە یۆنان و ئیسپانیا، جارێكی تر گۆرانی و موزیكی كوردی بەگوێی بیانییەكاندا دەدات.

هونەرمەند لە فیسبووكی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، هێندەی لە توانای هونەریمدا بێت، بە شانازییەوە بەردەوام دەبم لە ناساندنی موزیكی دەوڵەمەندی كوردی بە دنیا.

یەكەم كۆنسێرت سبەی سێـی حوزەیران لە شاری بارسێلۆنا ساز دەكات و بڕیارە دواتر زنجیرە كۆنسێرتێك لە چەندان وڵاتی جیاواز ساز بكات، ئاواز و تێكست و كوردی بەگوێی گوێگرانی بیانیدا بدات.

ئەوەشی بڵاو كردووەتەوە، لە 22ی حوزەیراندا لە یۆنان، لە كۆنسێرتەكەیدا دوو ئەستێرەی برا بەشدارن كە لە ناو موزیك و گۆرانیی یۆنانیدا بەناوبانگن، ئەویش ماتیۆس تساهوریدیس و ‏كونستانتینوس تساهوریدیسە.

هونەرمەند پێشتریش چەند كۆنسێرتێكی لە وڵاتان بۆ خەڵكی بیانی رێكخستووە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، لە كۆنسێرتەكەی یۆنانیدا هەوادارێكی زۆر دەبینران و چێژیان لە گۆرانی و موزیكی كوردی وەردەگرت.

 تا ئێستە ئەیووب عەلی یەكەمین هونەرمەندی كوردە كۆنسێرت بۆ خەڵكی بیانی رێكدەخات و خەڵكێكی زۆر ئامادەی كۆنسێرتەكانی دەبن.



وشە - سۆران عەزیز