هاووڵاتییانی وان و ئاگری، قەرس، موش، ئەرزەرۆم و بەتلیس، ئیدر، ئەردەخان و زۆربەی شارەكانی باكوری كوردستان، بەشداریی ڕێپێوانەكە بوون و بە دروشمی "زمانی ئازاد بە كۆمەڵگەیەكی ئازادەوە دروست دەبێت" و "پێگەی كوردی، پەروەردەی كوردی" ڕێپێوانیان كرد.
لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، كورد داوای مافە كولتوورییەكانی دەكات و بۆ ئەمەش بەخۆپێشاندانی گەورە، چوونە سەر گۆڕی ئەحمەدی خانی و دووپاتیان لە كوردبوون و پاراستنی مافە نەتەوەییەكانی خۆیان كردەوە.
ڕێپێوانەكە دوێنێ لە كۆشكی ئیشاق پاشا تا گڵكۆی ئەحمەد خانی بەردەوام بوو. دڵبەهار هاوگوتەبێژی كۆمسیۆنی زمان و كولتووری دەم پارتی، لەسەر گڵكۆی ئەحمەدی خانی قسەی كرد و سەرنجی خستە سەر ئەو ستەمەی لە زمانی كوردی كراوە. گوتی "سیاسەتەكانی لەناوبردنی زمانی كوردی تێكچوون."
دڵبەهار ڕای گەیاند: زمانی كوردی دەبێت وەك زمانێكی فەرمی بناسرێت. دەبێت زمانی دایكی لە پەروەردەی سەرەتاییەوە تا زانكۆ وەك زمانی پەروەردە جێگیر بكرێت. دەبێت ڕێگریی لە ناوە كوردییەكان نەگیرێت. دەبێت زمان، جیۆگرافیا و كولتووری كوردی لە دەستووری وڵاتدا ددانی پێدا بنرێت.