كتێبی "جەنگی سارد" لە نووسینی د. نەجاتی عەبدوڵایە و 415 لاپەڕەیە و لە شەش بەش پێكهاتووە.
جەنگی سارد 1947-1989 پتر لە نیو سەدەی پڕ لە رووداوی خوێناوی، ململانێی ئایدیۆلۆجی، مەترسیی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی، چەواشەكاری، كوشتن و بەكوشتدانی سەتان هەزار كەسی لێ كەوتووەتەوە.
لەبارەی كتێبەكەوە مەلا بەختیار نووسینێكی لە فەیسبووكی خۆی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، لە جەنگی سارددا بەشی كوردستانیش تیاچوونی كۆماری كوردستان 1947 و رێككەوتنامەی جەزائیر 1975 و لەناوچوونی شۆڕشی ئەیلوول 1961-1975، ئینجا بەرپاكردنەوەی شۆڕش و ئەنفال و كیمیاباران 1976-1989 ، تا كۆتایی جەنگی سارد، كە ئیتر كوێت داگیر دەكرێ 1990 .
مەلا بەختیار دەڵێت، كورد وەك نەتەوە لە جەنگی سارددا، زۆرترین غەدری لێ كراوە بەبێ ئەوەی زلهێزەكان بەهانایەوە بێن. بەڵام نووسەران و بڕوانامەدارانی كورد، كەمترین توێژینەوەیان لەسەر جەنگی سارد نووسیوە.
ئەم كتێبە پانۆرامایەكی بەشی زۆری روداوەكانی جەنگی ساردی گرتووەتە خۆی. لە چۆنیەتیی بەرپابوونی جەنگی دووەمەوە، هەتا رووخاندنی دیواری بەرلین 9/12/1985 رووداو بە رووداو بەچڕیی باس دەكرێ. خوێندنەوەی ئەم كتێبە بۆ پیاچوونەوە بە رووداوەكان، زاخاودانەوەی زانیارییەكان، دەرسوەرگرتن لە هەڵەكان و دۆزینەوەی ستراتیجی نوێی هاوچەرخ، زۆر گرنگە.