بۆ یەكەمین جار لە كتێبخانەی كوردیدا، رۆمانێكی بەختیار عەلی دەكرێت بە ئیسپانی و شێرزاد حەسەنیش پێشەكییەكی درێژی بۆ رۆمانەكە نووسیوە.
ژیار هۆمەر كە ماوەیەكە چەندان بەرهەمی ئەدەبیی كوردی كردووە بە ئیسپانی و دەزگا باشەكانی ئەو وڵاتەش چاپ و بڵاویان كردووەتەوە، ڕای گەیاند: من و شووك، رۆمانی "جەمشید خانی مامم كە هەمیشە با لەگەڵ خۆیدا دەیبرد"ـی بەختیار عەلیمان بۆ سەر زمانی ئیسپانی وەرگێڕاوە.
ژیار ئەوەشی گوت، ئێستە كارەكە لە قۆناغی پێداچوونەوەدایە و ئەمە یەكەمین رۆمانی كوردییە بۆ ئیسپانی بێتە وەرگێڕان، نووسەر بە فەرمی مافی وەرگێڕانی پێ بەخشیوین.
وەرگێڕ باسی ئەوەشی كرد، شێرزاد حەسەن پێشەكییەكی تێروتەسەلی بۆ رۆمانەكە بە زمانی ئیسپانی نووسیوە. هیوادارین بتوانین لە داهاتوویەكی نزیكدا لە ئەمەریكای لاتین بڵاوی بكەینەوە.
ژیار هۆمەر وەرگێڕێكی لاوی كوردە و تا ئێستە سەرووی 400 شیعری لە هەموو شێوەزارەكانی كوردییەوە بۆ سەر زمانی ئیسپانی وەرگێڕاوە، ئەدەبیاتی كوردیی لە ئیسپانیا و 19 وڵاتی ئەمەریكای لاتین بڵاو كردووەتەوە.
جەمشیدخانی مامم ڕۆمانێكی نووسەر و ڕۆمانووسی كورد بەختیارعەلیە، لەساڵی 2010 لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشەوە بڵاوكرایەوە، ئەم ڕۆمانە سەرەتای ڕووداوەكانی دەگەڕێتەوە بۆسەردەمی حكومڕانی بەعس، ئەودەمەی جەمشیدخان دەگیرێت، چونكە گەنجێكی كۆمەنیستە، لە گرتوخانە ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆردەدرێت ئەمەش وادەكات كێشی لەشی زۆر دابەزێت و لەدوای دابەزینی كێشی لەشی توانای فڕین پەیدا دەكات.
رۆمانەكە سەر بە ریالیزمی جادوییە و ریالیزمی جادوویی ئەو شەپۆلە ئەدەبییەیە كە لە سەرەتاكانی دەیەی دووهەمی سەدەی پێشوو، واتە 1920ی زایینی، لە ئەوروپا سەری هەڵدا و دواتر بۆ باكوور و باشووری ئەمەریكا پەلی هاویشت.