لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا، خاتوونی گۆرانیبێژ هێڤی مورادی كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە رای گەیاند، كاری هونەری لە ئەوروپا زۆر سەختە بەتایبەتی بۆ ئافرەتان. هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئافرەتانی كورد ئێستە بوونیان هەیە لە بواری گۆرانی و موزیكدا.
بۆچی ماوەیەكە بێدەنگیت؟
بە گشتی كاری هونەری لە ئەوروپا زۆر سەختە، بەتایبەتی بۆ ئافرەتان، من سەرقاڵی ژیانی خۆمم و پابەندبوونی خێزانیشم هەیە، لەلایەكی ترەوە هەمیشە گرفتم هەیە لە هەڵبژاردنی شاعیر و ئاوازدانەر كە دەمەوێ كارەكانیان بە دڵی خۆم بێت. كاری هونەری بۆ هەموو هونەرمەندانی كورد لە ئەوروپا زۆر ئەستەمە، پێویستە هونەرمەند هەموو كارەكان لەسەر ئەرك و ئەستۆی خۆی ئەنجام بدات، بۆ هونەرمەندانی رۆژئاواش كە ئێستە روویان لە ئەوروپا كردووە، زۆر زەحمەتترە، چونكە لە سەرەتای دەستپێكردنی ژیانێكی نوێدان، بۆ منیش كە چەند ساڵێكە لە ئەوروپام، سەرەتا هەمان شت بوو، بەڵام سەرەڕای ئەم ئاستەنگانەش هەر بەردەوام دەبم و بە نیازم چەندان كاری جوانتر بكەم بە دیاری بۆ جەماوەرەكەم.
ئەی بۆ تۆ وەك هێڤی چۆنە؟
ژیان بەشێوەیەكی گشتی لە ئەوروپا زۆر سەختە، پێویستە كاتی خۆت بە شێوەیەك تەرخان بكەیت كە كاریگەریی لەسەر ژیانت نەكات، من نەمتوانی لە یەك كاتدا هونەرمەند و دایك بم و بخوێنم و فێرە زمانیش بم، بۆیە ناچار بووم ماوەیەك قوربانی بە هونەر بدەم و لێی دوور بكەومەوە.
ئایا ئافرەتان توانیویانە وەك پێویست بێنە ناو بواری هونەرییەوە؟
ئافرەتانی كورد ئێستە بوونیان لە بواری گۆرانی و موزیكدا هەیە، ئەمەش لە هەموو دنیادا هەیە، بە گشتی هەوڵێكی باشە و هیوادارم بەردەوام بن و رۆڵیان هەبێت لە پێشخستنی هونەری كوردیدا.
تا چەند سوودت لە فۆلكلۆر وەرگرتووە؟
لە هەموو هونەرمەندانی تر زیاتر گوێ لە فۆلكلۆر دەگرم و سوودی لێ وەردەگرم.
زیاتر گوێ لە دەنگی چ هونەرمەندێك دەگریت؟
بەشێوەیەكی گشتی زۆر گوێ لە فۆلكلۆر دەگرم، بەڵام وەك هونەرمەندێكی رۆژئاوا، محەمەد شێخۆ زۆر كاریگەریی بەسەرمەوە هەبووە، هەروەها گوێ لە گۆرانییەكانی شەیداش دەگرم، بەتایبەتی لە سەرەتای كاری هونەریمدا.
سەباح حاجۆ چ كاریگەرییەكی لەسەر ژیانت هەبووە؟
سەباح لە سەرەتاوە زۆر هانی داوم، لە هەر كارێكی هونەریمدا راوێژی پێ دەكەم، ئەو هەمیشە كار دەكات و بەردەوامە، منیش هاوكاریی دەكەم، بەتایبەتی ئەوەی پێوەندیی بە ژیانی رۆژانەمانەوە هەیە، وەك بەرپرسیارێتی لە بەڕێوەبردنی كاروباری ماڵ و منداڵ و خوێندنیان، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت بتوانێت كاتی خۆی زیاتر بۆ كارە هونەرییەكانمان تەرخان بكات، لە بواری هونەریشدا كەسێكە زۆر لە هونەر دەگات و دەزانێت من پێویستیم بە چی هەیە و هاوكاریم دەكات.
پێتوایە هونەری كوردی پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوە لە هەموو پارچەكانی كوردستان؟
ئێستە هیچ پێشكەوتنێكی بەرچاو نابینم، زۆرجار دەبینین گۆرانییەك، یان بەرهەمێك كە لە خۆیدا گۆرانییەكی كۆنە و نوێ كراوەتەوە، بۆ ماوەیەك سەركەوتوو دەبێت، من نازانم هۆكاری ئەم بارودۆخە چییە، بەڵام هونەرمەندانی كورد پشتگوێ خراون و لە بواری هونەریدا پاشەڕۆژێكی دیاریان نییە.
تا چەند سوود لە سۆشیال میدیا دەبینیت؟
سۆشیال میدیا رۆڵێكی گرنگی لە ژیانی هەموو كەسێكدا هەیە، بۆ هونەرمەندیش گرنگییەكەی زیاترە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە پێوەندیی بەردەوامدا بێت لەگەڵ هەودارانی و بڵاوكردنەوەی كار و چالاكی و بەرهەمەكانیان، وەك پێشتر گوتم ماوەیەك سەرقاڵی چەند كارێك بووم، بۆیە وەك پێویست لە سۆشیال میدیاش دوور كەوتبوومەوە.
وشە/ ئەحمەد تاریق