دەزگای سەردەم بەردەوامە لە چاپكردنی كتێبی گرنگ و پێویست بۆ كتێبخانەی كوردی، لە نوێترین هەوڵیشیاندا پێنج كتێبی نووسەری بەناوبانگی ئەمەریكا ڕیمۆند كارڤەر بڵاو دەكەنەوە.
ڕاڤین كامەران گەنجێكی لێهاتوو دڵسۆزی كتێبخانەی كوردییە، لەم چەند ساڵەدا چەندان كتێب و نووسینی لە زمانە زیندووەكانەوە بۆ كوردی وەرگێڕاون. ئەم هەوڵەشی یەكێكی ترە لە كارە باشەكانی.
راڤین پێنج بەرهەمی نووسەری دیاری ئەمەریكی ڕیمۆند كارڤەری بەناوەكانی "كاتیدراڵ، تكایە دەتوانیت بێدەنگ بیت، تكایە؟، كاتێك لە ئەشق دەدوێین لە چی دەدوێین، فیل و ژیانی باوكم، بەمزووانە دەزگای سەردەم دەیانخاتە بەردەستی خوێنەرانی كورد.
ڕیمۆند كارڤەری (١٩٣٨-١٩٨٨) یەكێك لە گرنگترین نووسەرانی ئەمەریكی بوو لە سەدەی بیستەمدا. لە ئۆریگۆن لە دایك بووە و لە خێزانێكی هەژاری كرێكارەوە هاتووە.
كارڤەر بەتایبەتی بە چیرۆكە كورتەكانی ناسراوە. ستایلی نووسینی زۆر سادە و ڕوون بووە، بەڵام لە هەمان كاتدا پڕ بووە لە واتا و هەست، رەخنەگران و خوێنەرانی بە "چێخۆفی ئەمەریكا" ناویان دەهێنا.
چیرۆكەكانی زۆرجار باس لە ژیانی ئاسایی خەڵكی ئاسایی دەكەن، كرێكاران، هاوسەر و هاوژینان كە لە گیروگرفتی ژیاندان.
كارڤەر هەروەها شاعیر بووە و چەند ڕۆمانیشی نووسیوە. لە تەمەنی 50 ساڵیدا بە هۆی شێرپەنجەی سییەوە كۆچی دوایی كرد.
كاریگەری گەورەی لەسەر نووسەرانی دوای خۆی هەبووە و وەك یەكێك لە باشترین چیرۆكنووسانی ئەمەریكی پێناسە دەكرێ.