خانمە ئەكتەری شۆخ و شەنگ نزار محەمەد، تا ئێستە بەشداریی چەندان كاری هونەریی فیلم و دراما و شانۆی كردووە، دانیشتووی پشدەرە و دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵە. ئەو دەڵێ، هەڵبژاردن و ڕۆڵ لە درامادا دەگەڕێتەوە سەر لێهاتوویی ژن نەك رووخساری.
چۆن ئاشنایەتیت دروست بوو لەگەڵ هونەر؟
لە سەردەمی سەرەتای قوتابخانەوە خولیام هەبووە بۆ هونەر و نواندن و شانۆ كە لە قوتابخانە چەندان شانۆ و كاری هونەریمان ئەنجام دەدا، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە ساڵی 2021 هاتمە ناو دنیای هونەر و نواندن.
ئێستە خەریكی درامایەكی تازەیت، ئەو درامایە باس لە چی دەكات و چ ڕۆڵێكت تێیدا هەیە؟
وەك گرووپی هونەری دواڕۆژ كە خۆم سەرپەرشتی دەكەم، بڕیارە 15 بۆ 20 بڕگەی چیرۆكی بالۆڵ تۆمار بكەین لە نووسین و سیناریۆی هێدی چنارەیی دەبێت، لەوێدا وێڕای رۆڵی سەرەكیم كاری دیزاین و راكوارم گرتووەتە ئەستۆ.
بۆچی دراماكان تەنیا لە مانگی رەمەزان بەرهەم دەهێنرێن و پەخش دەكرێن؟
منیش هەمان پرسیارم هەیە كە بۆچی تەلەڤزیۆنەكان تەنیا لەو مانگەدا گرنگی بە دراما دەدەن، وەڵامەكەی لە دیدی منەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەگەڕێتەوە كە سەپۆرتی ئەو پڕۆژانە ناكات.
تا ئێستە هیچ دەرهێنەرێك هەبووە دڵی تۆی شكاندبێت؟
هەموو كارێك قورسایی و ناخۆشیی خۆی هەیە، بەڵام وەك دڵشكاندن نەبووە بەرانبەرم بكرێت.
دەرهێنەر ڕۆڵی سەرەكی دەدات بە كەسی لێهاتوو و بە توانا یا تەنیا رووخساری جوان؟
بەهۆی ئەوەی خانمان كەمتر لەناو بواری دراما و فیلمسازیدان، دەرهێنەر ناتوانێت سەرنج بخاتە سەر ئەو لایەنە، ئەوەی بۆی مەبەستە پێكهێنانی كارەكەیەتی، ئەگەرنا بەپێی رۆڵەكە لەوەیە چەند ئەكتەر بگۆڕێت تا بزانیی لەگەڵ كام كەسایەتییە دەگونجێت، واتا هەڵبژاردن و ڕۆڵ دەگەڕێتەوە سەر لێهاتوویی نەك ڕووخسار، تەنیا ئەو فیلمانە نەبێ كە ڕۆڵی سەرەكی لای ئافرەتێكە.
لە كاری هونەری چ شتێك زۆر تووڕەت دەكات؟
بێ پلانی و خۆهەڵواسین بە كارێكەوە كە هی تۆ نییە و دەتەوێت بەزۆر خۆتی تێدا بگونجێنیت.
خەونی تۆ چییە لە كای هونەریدا؟
بەشداریكردن لە فیلمی ئاستبەرزی جیهانی و ناساندنی رووە گەش و جوانەكەی میلەتی كورد.
لە كاتی ڕۆڵگێڕان ترسی چیت هەیە؟
كاردانەوەی كۆمەڵگە بەهۆی ناتێگەیشتوویی بێت یا مەبەست بێ، دەبێ هەمیشە بە ئاگادارییەوە مامەڵە لەگەڵ واقیعدا بكەین و رۆڵ ببینین .
وشە/ ئەحمەد تاریق