بەبۆنەی ساڵوەگەڕی 100 ساڵەی ڕاپەڕینی شێخ سەعیدی پیرانەوە كە لە ساڵی 1925 لە كوردستان سەریهەڵدا، لە ئەوروپا چەند چالاكییەك ئەنجام دەدرێن.
لە چوارچێوەی چالاكییەكانی 27_ 28ـی حوزەیرانی 2025ـدا لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا، كۆنفرانسێك بەڕێوە دەچێت. لە كۆنفرانسەكەدا كە لە پێنج دانیشتن پێكدێت، هۆكارە مێژووییەكانی ڕاپەڕینەكە، كاریگەرە سیاسی و كولتوورییەكانی هەڵدەسەنگێنرێت.
لێكۆڵەران لەسەر پرسی كورد، پ. د. نایف بەزوان، د. زۆزان پەهلەوان، د. دەریا بایر، پ. د. مەسعوود یەگەن، د. سەدا ئاڵتوگ، محەمەد بایراق و د. سەلیم تەمۆ بەشێكن لە بەشدارانی كۆنفرانسەكە.
ئەو بابەتانەی لە كۆنفرانسەكەدا دەخرێنە بەرباس، ژینگەی سیاسی لە كوردستان لە دەوروبەری ساڵی 1925، پێوەندییە نێونەتەوەییەكانی ڕاپەرینەكە و كاریگەرییە دیپلۆماسییەكانی، ئەسیمیلیسیۆن و سیاسەتەكانی پاكتاوكردنی ساڵانی سەرەتای كۆماری توركیا، كاریگەرییەكانی ڕاپەڕینی شێخ سەعید لەسەر پارچەكانی تری كوردستان، شوێنەواری شۆڕشەكە لە یادەوەری خەڵك، ئەدەب و مێژووی زارەكیدا.
دوای كۆنفرانسەكە، ڕۆژی یەكشەم 29ـی حوزەیرانی 2025 لە شاری كۆڵنی ئەڵمانیا، بە ئامانجی یادكردنەوەی شەهیدانی ڕاپەڕینی شێخ سەعید، گردبوونەوەیەكی بەرفراوان تایبەت بە یادەكە ئەنجام دەدرێت. گردبوونەوەكە بە بەشداریی هاووڵاتییانی هەر چوار پارچەی كوردستان بەڕێوە دەچێـت.