بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رای گەیاند، وشكەساڵی لێكەوتەی زۆری دەبێت بەتایبەت لە بواری تەندروستی، "هەموو داتاكان پێمان دەڵێن، كۆلێرا ئەمساڵ زیاتر دەبێـت".
د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی حوزەیران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رای گەیاند، كێشەی دەرمان چارەسەر كراوە و تا چەند هەفتەیەكی تر هیچ كێشەیەكمان لە دەرماندا نابێت، بەڵام هێشتا بودجەی دابینكراو بەشی هەموو دەرمانی سلێمانی ناكات.
ئەمڕۆ لە سلێمانی سەنتەری ددان و سڕكردنی گشتی كرایەوە، بەگوتەی د. سەباح هەورامی، ئەوە بۆ ئەوانەیە كە منداڵانی ئۆتیزمن و ناتوانن لە كاتی چاككردنی دەم و ددانیان لە بەدەستی پزیشكەكە بوەستن.
لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا كە ئایا كولێرا گەشەی كردووە؟، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی كەمیی باران و وشكەساڵی، زیاتر سەرهەڵدانی نەخۆشیی نوێ هەیە، بۆیە پێشبینی زانستی وایە ئەمساڵ نەخۆشیی كۆلێرا زیاتر بێت.