هەمزە ئاگۆشی كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و پێشتریش لە هەرێمی كوردستان ژیاوە، ئێستە لە نەرویج نیشتەجێیە، كاندیدە بۆ خەڵاتی "ئاماندا" بۆ باشترین ئەكتەر.
ئاگۆشی بەشداریی لە چەندان فیلم و زنجیرەدا كردووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو نوێترین فیلمی لە فێستیڤاڵی فیلم لە ئەڵمانیا نمایش بكرێت.
خەڵاتی "ئاماندا" گەورەترین خەڵاتی سینەماییە لە نەرویج و ساڵانە لەگەڵ دەرهێنەر، كامێرامان، پڕۆدیسەر و دیزاینەردا پێشكەش بە هەندێك ئەكتەر دەكرێت، خەڵاتەكەش پەیكەری ژنێكە كە هێمایەكە بۆ بەرزیی هونەری وڵاتی نەرویج.
هەمزە بە "وشە"ی راگەیاند، فیلمی سینەمایی "مام وێنس" لە دەرهێنانی بڕوا وەهابپوور و نواندنی هەمزە ئاگوشی و پەیمان عەزیزپوور و كۆمەڵێك لە هونەرمەندانی كوردە لە نەرویج.
هەمزە ئەوەشی گوت، فیلمەكە یەكێك لەو فیلمانەیە كە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی مونیخ (مونشن)دا بەشدارە و لەگەڵ فیلمە جیهانییەكاندا كێبەركێ دەكات.
"ئاماندا" لە ساڵی 1985 دامەزراوە، خەڵاتێكە ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو كەسایەتییانەی لە بەرهەمهێنانی فیلمدا كاریان كردووە و پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی خەڵات لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە نەرویج.