ماریا كەمال: حەزم لە خۆشەویستییە

:: PM:06:20:01/07/2025 ‌
ماریا كەمال، خانمە ئەكتەرە و ماوەی چەند ساڵێكە هاتووەتە ناو بواری هونەری، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە" رای دەگەیەنێت، لە كاری درامادا زیاتر حەزم لە رۆڵی خۆشەویستی و كاری خۆشەویستییە نەك كۆمێدیا، هەروەك نایشارێتەوە، كە لەناو ئەكتەرە كۆمێدییەكاندا بە عیرفانی وەستا محەمەد، سەرسامە. 

چۆن بوو بەشداری درامای دوو ماڵ و یەك سەعدیت كرد؟
كارێكی زۆر جوان بوو بەلامەوە زۆر تایبەت بوو، كە زانیم دەرهێنەری و ئەكتەرێكی‌ وەك مامۆستا بارزانە زیاتر حەزم كرد بەشداری ئەو درامایە تایبەتە بكەم، ئێمە حەز دەكەین خەندە و خۆشی بخەینە نێو هەموو ماڵێك، دەمانەوێت خەڵك لە هەڵەكانیان هۆشیار بكەینەوە بۆ جارێكی تر هەمان هەڵە نەكەن.

لەم درامایەدا باس لەوە دەكات پیاوی دوو ژن و كێشەكانی، تۆ تا چەند لەگەڵ ئەوە دایت پیاو بیكاتە دوو ژن؟
من باوەڕم وایە هیچ ژیانێك بەبێ هۆكار تێك ناچێت، هیچ پیاوێكیش بێ هۆكار نایكاتە دوو ژن هیچ ئافرەتێكیش بێ هۆكار تەلاق نادرێت، هەردووكی لە گرینگی پێ نەدان و نەبوونی سۆز و خۆشەویستی و راستگۆیی و رێزنەگرتن روو دەدات.

بۆچی فیلم و درامای كۆمێدیا زیاتر بینەری هەیە؟
خەڵك خۆی خەم و خەفەتی كەم نییە، بۆیە سەیری شتێك دەكات تا خۆشحاڵ بێت و بۆ ساتێكیش بێت دووربێت لە خەم و خەفەت، زیاتر حەز دەكەم بەشداری فیلم و درامای كاری خۆشەویستی بكەم، حەزم بە كاری كۆمێدیاش هەیە، بەڵام زیاتر كاری خۆشەویستیم حەز لێیە.

لە كاری هونەری چ شتێك زۆر تووڕەت دەكات؟
یەك شت لە كاری هونەری دوورم دەكاتەوە، ئەویش دەستوەردانی رۆڵی ئەكتەرێك بۆ ئەكتەرێكی تر، بۆ نموونە ئەكتەرێك خۆی لاوازە لە رۆڵ بینین دێت رۆڵی تۆ دەگێڕێت ئەم شتە زۆر تووڕەم دەكات.

بە كام هونەرمەندی كۆمێدی سەرسامی؟
هەموو هونەرمەندەكان رێزی تایبەتیان هەیە، بەڵام بە عیرفانی وەستا محەمەد سەرسامم.


وشە/ ئەحمەد تاریق


وشە - سه‌رخێڵ هاشم