رێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی "جیاوازییەكان" بەڕێوە دەچێت

:: PM:01:15:02/07/2025 ‌
رۆژی پێنجشەم رێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی "جیاوازییەكان" لە یەكێتیی نووسەرانی كورد لقی هەولێر بەڕێوە دەچێت.

رۆژی پێنجشەم سێ تەمووز، یەكێتیی نووسەرانی كورد لقی هەولێر، رێوڕەسمی بڵاوكردنەوەی كتێبی "جیاوازییەكان"ی عەباس عەبدوڵا یوسف و سمكۆ محەمەد بەڕێوە دەبات.

هەردوو نووسەر لەم كتێبەدا گفتوگۆیەكی درێژ لەبارەی ئەزموونی ئەدەبی و سەرهەڵدانی شیعری  نوێ و قوتابخانە فكرییەكانی ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان و تا دواتر دەكەن.

عەباس عەبدوڵا یوسف یەكێكە لە دیارترین شاعیرانی نوێی هەولێر و خاوەن چەندان دیوانە، هاوكات دەورێكی گرنگی لە یاخیبوونی شیعری نوێ لە چەند دەیەی رابردوودا هەبووە. وەك مامۆستای نەوەی هەشتاكان و نەوەتەكانی شاعیرانی هەولێر دێتە ناسین.

سمكۆ محەمەد رۆژنامەنووس و نووسەری چەندان كتێبی فكری، ماوەیەكە خەریكی گفتوگۆ و دواندنی نووسەرانی دیار و بەئەزموونە و لەم كارەشیدا رووناكی خستووەتە سەر كاری شاعیران و نووسەرانی كوردستان سوودی زۆری بە بڵاوبوونەوەی فكری ئەو نووسەرانە گەیاندووە.
 



وشە - سۆران عەزیز