بڕیارە دووەم خولی فێستیڤاڵی سینەمایی بەغدا لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی داهاتوو، بە پرۆگرامێكی هونەری و ڕۆشنبیریی هەمەچەشنەوە بەڕێوە بچێت.
حیكمەت بەیزانی بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەكە ڕای گەیاند: بڕیارە كارەكانی دووەم خولی فێستیڤاڵەكە لە 15 تا 25ی ئەیلوول، لە بەغدا بە بەشداریی دەیان فیلمی سینەمایی عێراقی و عەرەبی لە ئاستی باڵا بەڕێوە بچێت.
فێستیڤاڵی فیلمی بەغدا، كۆبوونەوەیەكی جەماوەرییە بۆ دەوڵەمەندكردنی كولتووری سینەمایی لە ڕێگەی هاندانی بینەر و پاڵپشتیكردنی سینەماكاران و پەرەپێدان و چالاككردنی پیشەسازیی فیلم لە عێراقدا. بۆ ئەمساڵ بڕیار وایە تونس ببێتە میوانی شەرەفی ئەم خولەی فێستیڤاڵەكە.
نمایشەكان بۆ هەمووان بەشێوەیەكی خۆڕایی دەبێت، لەگەڵ تەرخانكردنی پلیتی تایبەت بۆ هونەرمەندانی عێراقی و عەرەبی و ناوچەكە.