هاوڕێنامەكەی هاوڕێ باخەوان لە 10 بەرگدا چاپ كرا

:: AM:09:57:07/07/2025 ‌
پاش چارەكە سەدەیەك، هاوڕێنامە بە 10 بەرگ و زۆرتر لە 7000 لاپەڕەی چاپ دەكرێتەوە.

هاوڕێنامە بۆ مێژووی كوردستان و كورد، چاپی یەكەمی ساڵی 1999 لە سلێمانی چاپ كراوە و هاوڕێ باخەوان نووسیویەتی.

لەبارەی كتێبەكانەوە هاوڕێ باخەوان بە"وشە"ی گوت، لە ساڵی 1999 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە زنجیرەی ژمارە 16، لە چاپخانەی ڕوون لە سلێمانی بە چاپی یەكەمی كرد.

باسی لەوەش كرد، پاش چاپكردنی، هاوڕێنامە هەرزوو ناو و دەنگی پەیدا كرد. زۆر ڕەخنە و تێبینی و دەستخۆشیم لە بڵاوبوونەوەی هاوڕێنامە بەرەوڕوو بووەوە، زۆر لە هەڵەكانم چاك كردەوە، لێی نەوەستام تا ڕۆژی ئەمڕۆ، هاوڕێنامە لە 400 و ئەوەندە لاپەڕەوە بووە هەزاران لاپەڕە. 

باخەوان ئەوەشی گوت، زۆر پەرتووكم بینی لە لیستی سەرچاوەكاندا ئاماژەیان بۆ هاوڕێنامە كردبوو، زۆری تریشم بینی زانیارییان لە هاوڕێنامەوە وەرگرتبوو و تەنانەت هەڵەی چاپ و ڕێنووسی منیشیان دانابوو لە نووسینەكانیاندا، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هاوڕێنامە و ناوی من بكەن. زۆربەی تەلەڤزیۆنەكانی ئەوكات، ڕووداوەكانی ڕۆژیان لە هاوڕێنامەوە وەردەگرت بەبێ ئەوەی باسی هاوڕێنامە بكەن.

(هاوڕێنامە) كە كۆكراوە و كرۆنۆلۆجیای رووداوەكانی كوردستان و كوردە بەر لە زاینەوە تا ئێستە، سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ خوێنەرانی كورد.



وشە - سۆران عەزیز