لە كەنەدا زمانی كوردی لەناو كتێبخانەكان دەردەهێنرێت و نووسەرێكیش رای گەیاند، ئەم كارە بەمەبەست و بەرنامە كراوە، ئەگەرنا هێشتا زمانی وای تێدایە كە قسەكەرانی تەنیا سێ هەزار كەسن.
نووسەر و توێژەری دیاری كورد كازیوە ساڵح، گوتارێكی بڵاو كردەوە رای گەیاند، "زمانی كوردی لە كتێبخانەكانی تۆرۆنتۆ دەرهێنراوە"، لەوەتەی زمانی كوردی خراوەتە بەستەرەكانی زمانەوانییەوە، لەلایەن گەنجانێكی لە خۆبوردووەوە هاوشانی زمانەكانی دنیا، كۆمپیوتەرەكانی كتێبخانە گشتییەكانی تۆرنتۆ زمانی كوردی تێدا بووە.
دەشڵێت: ئەمساڵ بینیم زمانی كوردی دەرهێنراوە و تەنانەت جاران ئەگەر لە لیستی زمانە زیادكراوەكان نەبوایە، دەتوانی لەو بەشەی زمانەكان زیاد دەكەیت، كوردیی سۆرانی یان كرمانجیت زیاد بكردایە، بەڵام ئێستە ئەو بژاردەیەش بلۆك كراوە.
"كاتێك دەبینم هەموو زمانەكان بوونیان هەیە، تەنانەت زمانی وای تێدایە قسەكەرانی تەنیا سێ هەزار كەسن، هەستم پێم دەڵێت ئەم كارە بە مەبەست و بەرنامە كراوە"، كازیوە وادەڵێت.
ئەو نووسەرە باسی لەوە كردووە، ئەوە دەزانم دەیان دیوەخانی عەشیرەتی حزبی و عەشیرەتی زانستی و كولتووری لەم شارە و لەم وڵاتەدا دروست بوون، لۆبی و دامەزراوەی كوردی ساڵانێكی زۆرە بوونی هەیە. یەكەم پێم سەیرە تا ئێستە كەسێك دەنگی بەرز نەكردووەتەوە و بڵێت، تورك و فارس و عەرەب زمانەكەیان چەوساندوومەوە، تۆ بۆ كێی دەچەوسێنیتەوە.