ناسری رەزازی بیرەوەرییەكانی چاپ دەكات و رەخنە لە هەژاری موكریانی دەگرێت

:: AM:11:03:20/08/2025 ‌
هونەرمەند ناسری رەزازی بیرەوەرییەكانی نووسیوەتەوە و بۆ ساڵی داهاتوو چاپی دەكات، هاوكات جگە لەوە چوار كتێبی تری  ئامادەیە بۆ چاپ.

ناسری رەزازی رای گەیاند، بیرەوەرییەكانم بەشی زۆری نووسیوەتەوە و دەمێكە سەرقاڵیانم، بەڵام كاروباری ژیان و میوان نایەڵن تەواوی بكەم، "بڕیارە پەلەی لێ بكەم و بۆ ساڵی ئایندە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاوی بكەنەوە".

رەزازی پێشمەرگە بووە و بەشداریی شۆڕشی كوردی كردووە، هاوكات چەندان ساڵ لە دەرەوەی كوردستان ژیاوە و یەكێكە لە هونەرمەندە گرنگە بەئەزموونەكان، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بیرەوەرییەكانی گرنگ و پڕ خوێنەر بن.

هاوكات باسی لەوەش كردووە، چوار كتێبی تری بۆ چاپ ئامادەن، یەكێكیان وەرگێڕانی "خیام"ە. لەوبارەیەوە باسی لەوە كردووە، ئەگەرچی خەیام چەندان كەس بە مامۆستا هەژاریشەوە وەریانگێڕاوە، بەڵام بەڕاستی باشیان وەرنەگێڕاوە.

ناسری رەزازی ئەوەشی گوت، من بە قامكێكی مامۆستا هەژار نابم، ئەو مامۆستای ئێمەیە و كاری مەزنی كردووە، بەڵام لە وەرگێڕانی هەژاردا كێشەی زۆرە.
 
ئەو هونەرمەندە دیارەی كورد ئاماژەی بەوەش دا، پێنج بەرهەمی بەدەستەوەیە و یەكێكی تریان شانامەیەكە، لەگەڵ كۆپەرێك لەسەر مێژووی مۆسیقای كوردی، ئەوانە ئێستە خەریكیانم و هیوادارم بتوانم بەمزووانە بیانخەمە بەردەستی خوێنەران.



وشە - سۆران عەزیز