بە هاوکاریی وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئوردەن، وەک پاداشتێک بۆ خزمەتە هونەرییەکانی و ڕۆڵی لە پتەوکردنی پەیوەندییە هونەرییەکاندا، هیوا سوعاد یونس، بەرپرسی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، لە عەمانی پایتەختی شانشینی ئوردەنی هاشمی، ڕێزلێنانێکی تایبەتی بۆ ساز کرا.
ئەمڕۆ پێنجشەم، 21ی ئابی 2025، هیوا سوعاد یونس لەبارەی هۆکاری ئەم ڕێزلێنانەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند،"لە پای ئەو خزمەتە زۆرە و دروستکردنی پردی هونەری لەنێوان شانۆکاران و نزیککردنەوەیان لە یەکتر، هەروەها ڕۆڵم لە ئەنجامدانی چەندان خولی هەردوو فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ شانۆ و فیستیڤاڵی مۆنۆدراما، ئەم ڕێزلێنانەم بۆ ساز کرا."
زیاتر گوتى، ئەم فێستیڤاڵانە بوونەتە بۆنەیەکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونە شانۆییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
جێگەی باسە، ئەم جۆرە ڕێزلێنانانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵگەی گرنگیدانە بە ڕۆڵ و پێگەی هونەری کوردی و ئەو کەسایەتییانەی کە لەپێناو بەرزڕاگرتنی ناوی کوردستان، لە بواری هونەردا خزمەت دەکەن.
وشە/ فەیسەڵ شێخانى