كتێبێكی گرنگ بەزمانی كوردی لەسەر كۆڵۆنیالیزم بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:09:39:01/09/2025 ‌
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە درێژەی زنجیرە كتێبەكانیدا، كتێبێكی گرنگ بەناوی "وێنەی داگیركراو"  لەسەر كۆڵۆنیالیزم چاپ و بڵاو دەكاتەوە.

كتێبەكە لە زمانی فڕەنسییەوە خالید سلێمان وەریگێڕاوە، كتێبەكە گێڕانەوەی چیرۆكەكانی مرۆڤی داگیركراوە لە ناو سیستمی كۆڵۆنیالیزمدا.

خالید سلێمان لەبارەی چۆنیەتیی هەڵبژاردنی ئەو كتێبە بۆ وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی كوردی، بە"وشە"ی راگەیاند، لە ساڵی 2008 كتێبخانەیەكی كتێبە كۆنەكاندا لە شاری مۆنتریال (كەنەدا) ئەم كتێبەی ئەلبێر مێمی-م بەرچاو كەوت. ناونیشانەكەی سەرنجی ڕاكێشام و كڕیم، هەر هەمان ڕۆژ دەستم كرد بەخوێندنەوەی.

باسی لەوە كرد كە گێڕانەوەی چیرۆكەكانی تایبەت بە مرۆڤی داگیركراو لە ناو سیستمی كۆڵۆنیالیزمدا، زۆر سادە بوو، بەڵام كاتێك ساڵی 2016 دەستم بە وەرگێڕانی كرد، بۆم دەركەوت زمانی گێڕانەوەكە زۆر لەوە قووڵترە كە بیرم لێ كردبووەوە، بەڵام دەستم لێ بەرنەدا و تەواوم كرد.

خالید سلێمان كە چالاكێكی بواری ژینگەیە لە كوردستان و گوتار و نووسینی لەو بوارەشدا هەیە، لە ماوەی رابردوودا كتێبێكی ژینگەیشی بڵاو كردەوە دەڵێت: زۆر بەلامەوە گرنگ بوو بەئێستەشەوە، مرۆڤی كورد لە میكانیزمەكانی كاركردنی سیستمی كۆڵۆنیالیزم تێبگات. ئەمە فاكتەری وەرگێڕانی كتێبی (وێنەی داگیركراو) بوو لە زمانی فڕەنسییەوە، كە ئەلبێر مێمی لەگەڵ خۆیدا بۆ پاریسی مێترۆپۆلیتیانی سیستمەكە و زانكۆ سۆربون هەڵیگرتبوو. 

وەرگێڕ ئاماژەی بەوەش دا، نووسەر و فەیلەسووفی فڕەنسی ژان پۆڵ سارتر لە ڕێگەی ئەم كتێبەوە، ڕۆ دەچێتە ناو سیستمی كۆڵۆنیالیزم و لە وێنەی داگیركەر و داگیركراو تێدەگات، هەر ئەمەش وای لێ دەكات پێشەكییەكەی بۆ بنووسێت.

لە ماوەی داهاتوودا چاپی كوردی ئەم شاكارە فیكرییە لەسەر سیستمی كۆڵۆنیالیزم، كە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو دەكرێتەوە، بەردەستی خوێنەری كورد دەبێت.



وشە - سۆران عەزیز