31 ساڵ لەمەوبەر شاعیرێكی دیار لە سلێمانی تیرۆر كرا

:: AM:10:20:01/09/2025 ‌

31 ساڵ بەسەر شەهیدكردنی شاعیرێكی دیاری كوردستان بەدەستی هێزەكانی سلێمانی سەربە یەكێتی تێدەپەڕێت، شاعیرێك لەناو هاوڕێ خۆپێشاندەرەكانیدا داوای سادەترین مافەكانی دەكرد.

لە ساڵی 1994 شاعیرێك دەبێت بە نوێنەری خەڵكی حامیەی ئەوكات كە كۆمەڵێك ماڵی هەژار لەناو كوخدا لە شوێنی ئێستەی پاركی ئازادیدا دەژیان، داوایان لە كاربەدەستانی سلێمانی سەربە یەكێتی كرد ماڵۆچكەكانیان نەڕووخێنن.

لە یەكی ئایاری جەژنی كرێكاراندا، لە یاریگەی سلێمانی بەناوی خەڵكی حامیە، بەكر عەلیی شاعیر گوتارێك پێشكەش دەكات و ڕووی دەمی دەكاتە دەسەڵاتدارانی سلێمانی و دەڵێت: ''ئێوە كە بیر لە گۆڕینی ئەو ژیانە "قوڕینە"مان ناكەنەوە، بە ژیانێكی وەك هی خۆتان "گوڵین" بۆ هێندەشمان پێ ڕەوا نابینن؟''.

گوتارەكەی بەكری شاعیر گوتارێكی پڕ لە حەماسەت دەبێت و دەسەڵاتداران هەراسان دەكات، دواتر دەكەونە دوای و دەیگرن، پاشان ئازاد دەكرێت.

دوای قووڵبوونەوەی كێشەی خانووە بێ تاپۆكانی حامیە ''لە 17ی هەشتی 1994، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لە نیوەڕۆیەكدا و لە ماڵە قوڕینەكەی خۆی لە حامیە، دەیگرن و ماوەی شەش ڕۆژ لە ئاسایشی سلێمانی بەند دەكرێت. وەك خۆی دواتر بۆ هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی گێڕاوەتەوە، كەسێك لە دەرەوەی ئاسایشەوە دێت و بەشێوەیەكی دڕندانە ئەشكەنجەی دەدات.

بڕیار بوو لە یەكی نۆدا خانووەكان بەسەر خەڵكی حامیە بڕووخێنن، لەو ڕۆژەدا خەڵكەكە بڕیاریان دا خۆپێشاندانێكی هێمنانە بكەن، چوونە بەردەمی قایمقامی شارەكە، بەكر علی یەكێك بوو لە سەرەكیترین نوێنەرەكانی خەڵكی ناڕازی، دوای گردبوونەوە، پاسەوانەكان بەزەبری هێز كەوتنە بڵاوەپێكردنی خۆپێشاندەران، دوای دەستنیشانكردنی بەكر علی، چەكدارێك لە پشتەوە فیشەكێكی لێ دەدا، دواتر چەكدارێكی تر دەگاتە سەر سەری فیشەكێك دەنێ بەناو دەمیەوە و شەهید دەبێت.

پێشتریش بەهۆی ناڕەزاییەكانی و ڕەخنەكانیەوە، هەڕەشەی كوشتنی لێ كراوە. ئەو لە یەكێك لە یاداشتەكانیدا دەنووسێت ''بەلای منەوە كەوتنی مرۆڤێك، بەقەد بەربوونەوەی ئەستێرەیەك سەرنجڕاكیشە، تەنانەت هەر ئەم هەستەش بوو وای لێ كردم بەوپەڕی پەستی و بێ ئارامییەوە بڵێم: با شەقامەكان بەگوڵ سوور بكەین، نەك بە خوێن. 

شاعیر چەند شیعر و دەقی شانۆی نووسیوە، یەكەم نامیلكە شیعری بەناوی ئەو شەوانەی لە پرچەكانت ڕەشترن بوو كە لە 16 دەقی شیعری پێكهاتووە، دوای شەهیدكردنیشی چەند دانە شیعرێكی تری بڵاو كرایەوە. یەكەمین دەقی شانۆی بەناوی تریشقەكان بوو، لە هەڵەبجە پێش دوو مانگ لە شەهیدكردنی نووسی و پێشكەش كرا. 

لە ئاكامی ئەمەشدا بەكر عەلی لە دەفتەری یاداشتەكانی لەو شەوەدا دەنووسێت، ''من هەمیشە لە سەنگەردام، چاوەڕێش نیم هیچ كام لە پارتەكان سێبەر بگەیەننە ئەو هەڵقرچانە بێدەنگە و نهێنییەی ناوەوەم، یان بە واتایەكی تر من لەو میهرەجانەدا ویستم ئەوە بسەلمێنم، كە هەرگیز خۆم بە كەڵەبابی بەر مایكرۆفۆن نەزانیوە و ناشزانم. من هەندێ ئەركی نیشتمانی هەن، نایاندەم بە قەڵەمەكەم و سواڵی چەپاڵێش ناكەم و بەنیازیش نیم خۆم تەرشیح بكەم بۆ دەزگایەكی باڵا، تا شیعر و نەڕەنەڕ پاسپۆرتی ئەو خەونەم بن، بۆ نانەڕێنم.'' 

ئەم یاخیبوون و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی شاعیر، لە یەكێك لە شیعرەكانی بەناوی ''زایەڵەی شەو'' ڕەنگی داوەتەوە و دەڵێت:
''بە چیتان ئەوێ بمكەن، بەس..
رازی نابم گوڵان بكرێن بە پێڵاوی هیچ گەورەیەك
وەكو گەڵای دار پرتەقاڵێكی باشوور
هەڵوەرینم بەس بەتەنیا بریتی بیت لە لەنجەیەك
زۆر شەو بە دزی شەوەوە.. داوەتی مانگەشەو ئەكەم
ئەو كاتەی كە (شا)ش نوستووە.. 
من تازە خەریكە، شار و
شیعرە نوێ كەم.. لە خەو ئەكەم''     

بەكر عەلی 25 دەقی شیعری هەیە كە بەگشتی باگراوندێكی دڵدارییان هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆكی شیعرەكانی دەتوانین چەندان مانای لێهەڵنجین و لە چەند ڕەهەندێكەوە لێی بڕوانین، بەكر شیعرەكانی لەلایەن گۆرانیبێژە دیارەكانی كوردستانەوە كراون بەگۆرانی و ئێستەش لەسەر دەمی خەڵكن.
تكایە پێیبڵێن ئیتر
بە دیدارم ناگاتەوە،
من ئەڕۆم و
كە ‌ڕۆیشتیشم، وەك چەم ئەڕۆم
چەمیش ئاوڕ ناداتەوە.
بێزارم.. بێزارم.. لێرە
لە دار.. لە بەرد
بێزار لە شارەكەی، لە ‌خۆی
لە ئاوێنە و تەوقە و شانە و
قژی نیگرۆی
لە دەست و پەنجە‌ی دەستەمۆی!..
خۆشم ویستی و، وام ئەزانی
لەو ڕۆژەوە.. خۆشم ویستووی
پەپوولەیەكی خەمباری و
لەسەر برژانگم هەڵنیشتووی
خۆشم ویستی و، وام ئەزانی
ڕوونی وەك فرمێسكەكانم
وامزانی زرێباریش بم
تۆ قووڵترێكی لە گیانم..
بەڵام ئەفسووس
سا هۆ (خەزاڵ)ی ئێرانم،
هۆ دەستنوێژی قەت نەشكاوی شیعرەكانم
بۆ وە ناشێی خۆشم بوێی،
فەرمووتە دێم.. مەیە، ‌چونكە
ئەم سنوورە ڕێگە نادا
لە ‌شیعرێكم مارە ‌بكرێی!..
من ئەڕۆم و
بەڵام ئەفسووس، ئا لێرەیا
لەم ئێرانی جبە و جادو و
مێزەرەیا..
دەبێ لە هەر ئەرتەشگایەك
هەر سەربازگە و پایەگایەك
جانتاكانم بكەمەوە..
دەسا ئیدی چۆن چەند تاڵێ
پرچی "خەزاڵ"
بۆ (لاس)ێكی وڵاتەكەم
ببەمەوە.

سەرچاوەی ئەم كارە كتێبی "كاسكێتەكەم بسپێرن بە پایز" فەرەیدوون عارف ئامادەی كردووە.



وشە - سۆران عەزیز