هۆمایون شەجەریان لە ئامادەکاریدا بوو بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی ئازادیی تاران کۆنسێرتێکی جەماوەری بەڕێوە ببات کە بەشداری بۆ هەموو کەسێک بوو و بێ بەرانبەر بەڕێوە دەچوو بەڵام وا دیارە رێگری لە کۆنسێرتەکە کراوە.
هێشتا حکوومەت هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەم بارەیەوە رانەگەیاندووە بەڵام هۆمایون لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە ئیسنتاگرام بڵاوی کردەوە کە کۆنسێرتەکە ناکرێت.
ئەو ئاماژەی داوە کە لە دوو رۆژی رابردوودا دەبوایە ئامێر و کەرستەکان بۆ شوێنی کۆنسێرت گواسترابانەوە بەڵام تا ئێستە ئەو مۆڵەتە نەدراوە و نیشانەی ئەوەیە حکوومەت توانای بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێکی ئاوا گەورەی نییە. هۆمایون شەجەریان سوپاسی هەموو ئەو خەڵکەی کردووە کە هاوکاری بوون بۆ ئەوەی کۆنسێرتەکە بکرێت.
لە لایەکی ترەوە عەلیڕەزا زاکانی سەرۆکی شارەوانیی تاران بڵاوی کردەوە کە کۆنسێرتەکە بۆ یاریگای ئازادی گواستراوەتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا بێتوانایی خۆیان لە بەڕێوەبردنی کۆنسێرتەکە دەربڕیوە.
پێشبینی دەکرێت ئەو کۆنسێرتە هەرگیز نەکرێت چونکە بە گوتەی ژمارەیەک لە چاودێرانی سیاسی، ئێران ئەو ترسەی هەیە کە خەڵکێک کۆنسێرتەکە بۆ شتی تر بقۆزنەوە و حکوومەت نەتوانێت کۆنترۆڵی بکات.
لەگەڵ ئەمەدا کەسانێکیش رەخنەیان لە کۆنسێرتەکە گرتبوو و نووسیبوویان کە ئەمە یەکێکە لە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەیەوێت هەستی نیشتمانیی خەڵک لە رێی کۆنسێرت بەرز بکاتەوە.