وەزیری پێشمەرگە بیرەوەرییەكانی بڵاو دەكاتەوە

:: AM:08:40:06/09/2025 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ شەموو شەشـی ئەیلوول، وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بیرەوەرییەكانی وەك كتێب لە رێوڕەسمێكدا لە سلێمانی بڵاو بكاتەوە. 

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بیرەوەرییەكانی چاپ كردووە و بڕیارە ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە سلێمانی، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بڵاوی بكاتەوە.

لەبارەی كتێبەكەی وەزیری پێشمەرگە رای گەیاندووە، ئەم كتێبە دڵۆپێكە لە دەریای گیانی بەرگری و فیداكاری و كۆڵنەدانی ئێمە و دەیان هەزار تێكۆشەر و فیداكاری گەلەكەم، لە هەمان كاتیشدا مشتێكە لە خەرواری داگیركاریی بەعس و چەوساندنەوەی نەتەوەكەم و سڕینەوەی نیشتمانەكەم.

"وەرزی بەرەنگاریی" مێژووی رووداو و بەسەرهاتەكانی تەمەنی خەبات‌ و پێشمەرگایەتیم تا ساڵی 1985، ناوی كتێبە نوێیەكەی شۆڕش ئیسماعیلە كە یەكێكە لە پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی و لە شۆڕشدا دەوری دیار بووە.
 
لە بەرگی كتێبەكەیدا شۆڕش ئیسماعیل نووسیویەتی: "لە 12ی مایسی ساڵی 1980دا، دوو كۆپتەری جەنگی ‌و چوار كۆپتەری بارهەڵگری پڕ لە سەرباز لە شارباژێڕی سەخت، گەمارۆی مەرزی چاڵە خەزێنەیان دا؛ سەربازەكانی بەعس دابەزین‌ و دەستبەجێ دەیان ئەسپ ‌و هێستری خەڵكی ناوچەكەیان بەر فیشەك دا و ناوچەكەشیان سووتاند."
 
دەشڵێت، هەر لەو هێرشەی 12ی ئایاردا سەربازانی سوپای عێراق، "18 هاووڵاتیی بێتاوانیان قۆڵبەست كرد و لەگەڵ خۆیان بردیانن، هەر ئەو شەوە تەواوی ئەو هاووڵاتییانەیان لە ژێر ئەشكەنجەدا شەهید كرد‌ و لاشەكانیشیان ئەتك كران، بەشێوەیەك دەست‌ و پەنجەیان قرتێنرا و چاویان دەرهێنرا و گەڕاندیشیاننەوە بۆ گوندەكەی خۆیان".
 



وشە - سۆران عەزیز