گەلەریی شانەدەر بەنمایشكردنی پێشانگەیەكی گەورە، جارێكی تر دەكەوێتەوە خزمەت هونەر و هونەرمەندان لەگەڵ نمایشكردنەوەی تابلۆی 44 شێوەكار لە پێشانگەیەكی هاوبەشدا.
گەلەریی شانەدەر چەندان مانگە بەهۆی نۆژەنكردنەوەی چالاكییەكانی وەستاوە، پاش ماوەیەكی زۆر لە كاری نۆژەنكردنەوەی بەردەوام و پێدانی رووخسارێكی جیاوازی هونەریی سەرنجڕاكێش و مۆدێرن، بەپێشانگەیەكی گەورەی هونەری، جارێكی تر گەلەریی شانەدەری شاری هەولێر دەكرێتەوە.
ئەو شوێنە گۆڕانكاریی گەورە لە دیزاینی گەلەرییەكەدا كراوە، پاش تەواوبوونی كارەكانی نۆژەنكردنەوەكە، رۆژی 10ی ئەم مانگە، بەپێشانگەیەكی تایبەتی 44 هونەرمەندی نیگاركێشی شاری هەولێر، جارێكی تر گەلەرییەكە دەكەوێتەوە خزمەت هونەردۆستان و سەردانكەرانی.
گەلەریی شانەدەر كە سەربە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شێوەكاریی هەولێرە، بەدیمەنی نوێ و ناوازە و گۆڕانكاریی گەورە لە دیزاینی گەلەرییەكە كە لەگەڵ نوێترین گەلەرییە جیهانییەكاندا هاوتایە، جارێكی تر هونەر و بینەر بەیەك دەگەیەنێتەوە.
ئەو گەلەرییە یەكەمین گەلەریی بەردەوام و كراوە بووە لە عێراقدا، لە سەرەتای 2009 دامەزراوە، تێچووی دامەزراندنی لەسەر خۆیان بووە، بەڵام شوێنەكەی لەلایەن ئەندازەی پاركەكان و پارێزگای هەولێرەوە دیاری كرا.
نزیكەی هەزار و 350 چالاكی جۆراوجۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی تێدا نمایش كراوە، بووەتە شوێنێكی گرنگ لەناو پاركی هەولێر، گەشتیاران و هونەرمەندان و هاووڵاتییان سەردانی دەكەن.