نووسەر و شاعیرێكی دیاری رۆژهەڵاتی كوردستان، رۆمانێكی نوێی بەناوی "لەوێ مەمرە"چاپ و بڵاو كردەوە، ئەمە هەشتەمین كتێب و دووەم ڕۆمانیەتی.
رۆمانی "لەوێ مەمرە" ئەزموونێكی جیاوازی رەزا عەلی پوورە لە بواری فۆرم و گێڕانەوە، رۆمانەكە دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوی كردووەتەوە.
لە سۆنگەی فۆرمەوە ڕۆمانەكە لە بەستێنی گێڕانەوەیەكی مۆدێرندا شكڵ دەگرێت، بەڵام بە كەڵك وەرگرتن لە تەكنیك و پێكهاتەی پۆستمۆدێرن، ئەزموونێكی فرە جیاوازە بۆ خوێنەری رۆمان بەزمانی كوردی.
ئەم بەرهەمە بە گێڕانەوەی چیرۆكە سڕدراو و ڕووشاوەكان، گوتنی نەگوتراوەكان، بە هەڵدانەوەی دیوی سڕ و نەدركاوی كەسێتییەكان، سنووری نێوان ڕابردوو و ئێستە، چیرۆك و مێژوو تێكدەشكێنێت.
چیرۆكی ڕۆمانی "لەوێ مەمرە" باس لە ژینگەی پێوەندیی سنە و تاران لە ساڵانی پاش شۆڕش 1979، تا جەنگی ئێران و عێراق دەكات.
ڕەزا عەلیپوور لە بەرهەمە پێشووەكانی و بەتایبەت لە ڕۆمانی "ئەلف/یا"دا، گرنگییەكی بوێرانەی بە تاقیكردنەوەی زمانی و گێڕانەوەیی داوە، ڕۆمانی "لەوێ مەمرە"یش بە چەند چەشنە زمان و تۆن و دەربڕینی جیاجیا نووسراوە و خوێنەر بەرەو سەفەرێكی نائاشنا دەبات.
رەزا عەلیپوور لە ساڵی 1978 لە سەقز لە دایك بووە، لە ساڵی 2006 بە قەسیدەی "بمگرن، ئەگینا حەوت و حەوت دەكاتە 77 " خەڵاتی یەكەمی فێستیڤاڵی گەلاوێژی وەرگرتووە .
- سەرپەرەشتی بەشی كوردی حەوتەنامەی ڕۆژهەڵات لە ژمارەی سفر تا ژمارە 67، سەرپەرشتی بەشی كوردی حەوتەنامەی سیروان لە ساڵی 1999 تا 2003. مامۆستای مێژووی سینەما و ڕەخنەگری فیلم بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بەشی هونەرە جوانەكان.
- خاوەنی ئیمتیازی بنكەی فەرهەنگی ـ هونەری كاڵ، چراشین، چالاك لە بواری ڕێنوێنی لە پەرتووك و بەڕێوەبەری كارگەی فێركاری.
- ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كافەی كتێبی كاڵ ـ 165 بەرنامەی كۆمەڵگەیی و بەڕێوەبەری فەرهەنگی، ئەندامی دەستەی بنیاتنانی پێكهاتەی خەڵكی ئاسۆی كوردستانی ڕووناك.
- لە دووەمین فێستیڤاڵی خەڵاتی كتێبی ساڵ-سەقز، لەسەر ئاستی پارێزگای سنە، خەڵاتی یەكەمی وەرگرت بۆ پەرتووكی كڕاكە لە ساڵی 2019.