د. جەعفەر شێخەلیسلامی موكری: ئێستە زمانی كوردی دوو شێوە ستانداردی گەنجی هەیە

:: AM:11:42:10/09/2025 ‌
پرۆفیسۆر جەعفەر شێخەلیسلامی موكری رای گەیاند، ئەوە راست نییە كە ئێمە زمانی ستانداردمان نییە، بەڵكو راستییەكەی ئەوەیە ئێمە نەك دانەیەك، بەڵكو دوو زمانی ستانداردمان هەیە.

د. جەعفەر كە بانگێشت كرابوو بۆ كۆنفرانسێكی دامەزراوەی ڤیم لەبارەی زمانەوە، بابەتێكی بەپێزی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر ئاڵنگارییەكانی زمانی كوردی لە دنیای نوێدا.

بەهۆی گرنگیی بابەتەكەی شێخەلیسلام، "وشە" بەپێویستی زانی بەشێكی بخاتە بەرچاوی خوێنەران. لە دەستپێكی باسەكەیدا د. جەعفەر گوتی، لێرە و لەوێ دەبیستین كە زمانی كوردی ستاندارد نییە، یان شێوەزارێكی ستانداردمان نییە تا ئێستە. باسی ئەوە دەكرێ كە ئێمە ئەوە زیاتر لە 30 ساڵە لێرە هەرێمێكی خۆمان  هەڵدەسووڕێنین، بەڵام نەمانتوانیوە زمانێكی ستاندارد دروست بكەین و ئەوە جێی داخە.

دەڵێت، من لێرە دەمەوێ بڵێم كە بە ڕاستی ئێمە زمانی ستانداردمان هەیە. كەوایە لێرە دەبێ پێناسەی جیا كرابێ بۆ زمانی ستاندارد. بۆیە نە تەنیا ڕای من، بەڵكو ڕای زۆر لە شارەزایانیش ئەمەیە كە زمانی ستاندارد هەیە، كورد زمانی ستانداردی هەیە، نەك یەكی هەیە، دووی هەیە ئێستە.

د. جەعفەر ئەوەشی گوت، كە د. ئەمیری حەسەنپوور دكتۆراكەی 1989 لە ئەمەریكا پێشكەش كرد. لەوێدا دوای ئەوەیە و نزیكەی 10 ساڵ لەو بابەتەی كۆڵیوە، بەو ئاكامە گەیشت كە زمانی كوردی چ پێمان خۆش بێ و چ پێمان ناخۆش بێ، دوو ستانداردی لێ پەیدا بووە.

شێخەلیسلام بەو پرسیارە دەستی پێ كرد كە زمانی ستاندارد چییە؟ گوتی، ئەمە شتێكە لە ڕۆژئاواوە هاتووە، مەبەستم چەمكەكەیە، "زمانی ستاندارد". خوێندنەوەی زۆری بۆ كراوە بەتایبەتی لە 1950 كانەوە.  پێویستە هەندێك باسی ئەمانە بكەم، پاشان باسی چەند نموونەیەك دەكەم كە هەر نەتەوەیەك چۆن بە پێی هەلومەرجی مێژوویی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری خۆی، زمانی ستاندارد كردووە. فڕەنسییەكان ئاوێكیان ڕشت كە وڵاتانی وەك توركیا و ئێرانیش وەدوای كەوتن بۆ پەراوێزخستنی زمانە كەمینەكراوەكان، بەڵام وڵاتی وەك نەرویجیشمان هەیە كە تا ئەمڕۆش دوو شێوەزاری ستانداردی هەیە، جووت ستانداردی هەیە كە هەردووكیشیان یەك زمانن بە ڕاستی. یان بەلجیك سێی هەیە، سویسرا چواری هەیە. كاتالۆنەكان كە وڵاتی سەربەخۆش نین، ئەوانیش سێ یان چواریان هەیە. باسی ئەو شتانە دەكەم، بەڵام زۆرتر باسی زمانی كوردی و هەلومەرجی كوردستان دەكەم.

ئەو شارەزایە باسی لەوە كرد، ئێمە وەك ئاكادیمی باسی بابەتەكە دەكەین، بە تایبەتی خۆم باسی ئەوە دەكەم كە ئەزموونی وڵاتانی تر چی بووە. زۆرتریش ورد دەبمەوە لەسەر كوردیی ناوەندی. هەرچەند لە هەنگاوێكدا ناچارم باسی ئەوەش بكەم  كە چۆن كورمانجی، یان لێرە بادینی، توانیویەتی خۆی ستاندارد بكات.  

"بەگشتی من بڕوام وایە كە ئێستە زمانی كوردی دوو شێوە ستانداردی گەنجی هەیە. پێم خۆشە لەسەر وشەی "گەنج" ورد ببمەوە. دوااتر باسی ئەوە دەكەم كە چۆن و چەند پۆلێنبەندیمان هەیە بۆ زمانی ستاندارد. زمانی ستاندارد لە هەر شوێنێك جیاوازە. باسی ئەوە دەكەم كە ستانداردكردن كەی دەستی پێ كردووە و لە چ قۆناغێكدا و كەی تەواو دەبێ، هیچ كات تەواو نابێ، با لە ئێستەوە ئەوە بڵێم. ستانداردبوونی زمانێك، هیچ زمانێك، تا ئێستە تەواو نەبووە، قەتیش تەواو نابێ. چەیمس  میلرۆی یەكێك لە بەناوبانگترین كۆمەڵناسانیی زمانی دەڵێ: تەنیا زمانێكی مردوو دەتوانێ بڵێ تەواو ستاندارد بووم". شێخەلیسلام وای گوت.

زمان چییە؟ با باسی ئەوە بكەم بە كورتی. زمان بۆ من بریتییە لە سیستمێكی ئاماژە، یان دەنگ كە بەشێوەیەكی یاسامەند ڕێك خراوە بۆ سێ مەبەست: یەكەم، بۆ پێوەندیی گرتن. زۆربەمان وا بزانم بڕوامان بەمە هەیە، بەڵام زمان زۆرتر لەمەیە. دووەم زمان هەروەها كەرەستەی دنیادیتنە، كەرەستەی خوێندنەوەی خۆمان و دنیایە، ناسنامەیە. سێیەم لەگەڵ ئەمەشدا ئامرازێكە، ئامرازێكی كارایە، واتە نەك هەر ئەوەی ئامرازێك بێ بەس شتێك بگوازێتەوە، بەڵكو ئامرازێكی كارایە. ئێمە كاتێك چیرۆكێك دەگێڕینەوە، دنیا لەسەر ڕا ساز دەكەینەوە. كە بۆنەیەك بە زمان دەگێڕینەوە، ئەو جۆرەی دەگێڕینەوە كە ئێمە دنیا دەبینین، نەك بەو جۆرەی كە ڕووی داوە. زۆربەی كاتەكان ئاوایە. هەموومان گوزارشت و لێكدانەوە و بۆچوونی خۆمان لە ناو چیرۆكەكانمان داوێین. هەر لەبەرئەوەشە كە ئێمە مرۆڤین، لەگەڵ ئەوانیتر جیاوازین.

لە درێژەی باسەكەیدا د. جەعفەر دەڵێت: ڕابرت كووپر یەكێكی ترە لە بیرەوانان و دامەزرێنەرانی بواری سیاسەت و پلانی زمانی، دەڵێ:  زمان بنەڕەتیترین دامەزراوەی كۆمەڵگەیە، نەك لەبەرئەوەی كە یەكەم ئەنیستیوویە، یەكەم دامەزراوەیە كە ئێمە لەگەڵی ئاشنا دەبین، چۆن منداڵ زمانێك وەردەگرێ. ئەڵبەتە ئەمن لەگەڵ ئەوەدا نیم كە ئێمە زمانی یەكەم فێر دەبین، منداڵ زمانی ژینگەی خۆی وەردەگرێ، بمانەوێ و نەمانەوێ وەریدەگرێ، ئەوەی كە ئێمە فێری دەكەین ئەوە زمانێكی ترە، واتە زمانی ستاندارد، زمانی نووسین. ئەوە لە فێرگە فێر دەبێ. نوام چامسكی زۆر لەسەر ئەوە قسەی كردووە، ڕاستیش دەكات و زۆر رژدە كە جیاوازی هەیە لە نێوان وەرگرتن و فێربوون یا فێركردن هەیە. جا زمانی دایك بە تایبەت لە بەرئەوە گرنگ نییە كە یەكەم دامەزراوەیە ئێمە تووشی دەبین، بەڵكو یەكەم دامەزراوەیە، دامەزراوەیەكیشە كە بە ڕێگەی ئەوەوە ئێمە هەموو دامەزراوەكانی تر دەناسین.

پرۆفیسۆر شێخەلیسلام گوتی، بۆ وێنە بیر لە یاسا بكەنەوە. ئێمە چۆن دەزانین یاسا چییە؟ چۆن دەزانین كە تابلۆی ڕاوەستان و بوەستە ببینین، ڕادەوەستین. لە ڕێگەی زمانەوە فێر بووین، لە ڕێگەی ئاماژە و لە ڕێگەی تابلۆوە. دەنا پێشتر نەماندەزانی ئەوە چییە. چۆن دەزانین، بە كێ بڵێین خاڵە، كامەیان مامەیە، هەمووی بە ڕێگەی زمانەوە و لە ڕێگەی چیرۆكەكانەوە.

د. جەعفەر ئاماژەی بەوەش دا، جیاوازیی نێوان دیالێكت و زمان، كاتێك باسی زمانی كوردی دەكەین ئەو شتانە دێتە گۆڕێ. تا ئێستە من وەك پسپۆڕێكی بواری كۆمەڵناسیی زمان كە هەموو ساڵێك وانە دەڵێمەوە لە كەنەدا. دەزانم كە هەتا ئێستەش ئێمە میتۆدێكمان نییە، شێوازێكمان نییە كە بڵێین ئەمە بەشێوەیەكی زانستی و ئاكادیمی زمانە، ئەمە دیالێكتە، یان ئەمە زارە. نیمامە.  چەندان ڕێبازمان هەیە، بەڵام هەموویان كێشەیان تێدا هەیە، بۆشاییان هەیە، گرفتیان تێدا هەیە. لەبەرئەوە زانایانی كۆمەڵناسیی زمان گەیشتوونە ئەو بڕوایەی كە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن language  variety من دامناوە شێوەزار، كە وا بزانم زۆر لە دۆستانیش هەر ئەو زاراوەیە بەكار دێنن. شێوەزار لەبەرئەوەی ئەمڕۆ زۆرجار دەڵێم شێوەزار، جارجاریش دەڵێم زمان لەبەرئەوەی كە دانیشتنەكەمان باسی زمانی ستانداردە.

"لە زانایانی كۆمەڵناسیی زمان شتێكی جوانی هەیە. لێی دەپرسن جیاوازیی زمان و دایالێكت چییە؟ دەڵێ زمان دایالیكتێكە، زارێكە كە لەشكری هەیە. مەبەستی چییە؟  مەبەستی ئەوەیە ئەگەر حكوومەت هەبوو، سەربازت هەبوو، ئەوە تۆ زمانی یان زمانت هەیە.  بۆچی؟ سویدی و نەرویجی زۆر بە ئاسانی لە یەكتر تێدەگەن، هیچیان ناچار نین بچیتە سەر زمانەكەی ئەویتر. بە چاوی خۆم بینیومە زۆر جاران. كەچی دوو زمانی جیاوازن، واتە بە دوو زمانی جیاواز ناسراون و ناوی جیاوازیان هەیە. بۆچی؟ چونكە دوو وڵاتی جیاوازیان هەیە. لەبەرئەوە بۆ ئەوە كە بزانین كام شێوەزار دایالێكتە، كام زمانە، ئێمە بەڕاستی تەنیا ڕێگەمان هەر ئەوەیە لە خەڵك بپرسین: ئایا ئەوەی تۆ قسەی پێ دەكەی چییە؟ چیی پێ دەڵێی و چییە؟ ڕێگەی دیموكراتی نییە. هەر دەبێت بە رێگەی خۆ داسەپاندن بێ". د. جەعفەر وای گوت.

د. جەعفەر دەڵێت: زمانی ستاندارد شێوەزارێكی زمانییە كە یەكدەست كرابێت كۆدێندرابێت، بە هۆی فەرهەنگەكانەوە و سەرچاوە و ڕێبەرە ڕێزمانییەكانیەوە. واتە شێوەزارێك كە ڕێزمانی بۆ نووسرابێتەوە، فەرهەنگیشی هەبێ، فەرهەنگێك كە جێگەی متمانەی كۆمەڵگەیەك بێ، پرسی پێ بكەن و كەڵكی لێ وەربگیرێ لە سێ بواری زۆر گرنگ و زەقدا: یەكیان پەروەردە، بە تایبەت پێی بخوێنرێ، نەك هەر ئەوەی كە وانەیەك بێ لە فێرگەیەك، پێی بخوێنرێ، دوو، زمانی كارگێڕیی حكوومەت بێ، سێ، میدیاش كەڵكی لێ وەربگرێ، ئەمڕۆ دەتوانی بڵێین سۆسیال میدیاش كەڵكی لێ وەربگرێ. ئینستاگرام، تیكتۆك و هەموو ئەمانە. پاشان كەمترین ڕێژەی جیاوازی و جۆراوجۆری و زۆرترین ڕێژەی هاوشێوەیی و یەكدەست بوونی تێدا بێ، پێنج، ئەوپەڕ سنووری بێ، ئەوپەڕ ناوچەیی بێ، شەش، لە كۆمەڵگەشدا وەرگیرابێ، ڕەزامەندی كۆمەڵگەی لەسەر بێ. ئەگەر ئەمانە هەبێ، ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێ، ئەوە دەتوانی بڵێی زمانێكی ستانداردە. 

د. جەعفەر رای گەیاند، هەموو زار و بنزارێك دەتوانێ ستاندارد بێ. هێندێك جار ئێستە لێرە ئۆتۆنۆمی هەیە، ئەوەی كە من دەیبینم نزیك بە سەربەخۆییە، بەڵام لە هێندێك شوێنی تر وەك لە ڕۆژهەڵاتەكەی من، ئێستەش بیانووی دەسەڵاتداران ئەوەیە كە تۆ زمانێكی ستانداردت نییە، تۆ ناتوانی ستاندارد بی، چاو لێبكە ئەو هەموو شێوەزارەت هەیە، ئەو هەموو شێوەزارە هەیە، ئەو هەموو دایالێكتەت هەیە. تۆ ناتوانی ببیە زمانی فێرگە، تۆ ناتوانی ببیە زمانی زانست. بەڵام هەموو زمانناسانی دنیا پێمان دەڵێن هەموو زمانێك، هەموو زارێك، هەموو بنزارێك بۆی هەیە ستاندارد بێ بەو مەرجە كە كۆمەڵگە بیەوێ و بەو مەرجە كە خزمەتی پێ بكرێ.

"زمانی ستاندارد پێویستە یان نا؟ هێندێك پێیان وایە پێویست نییە، بۆچی پێویست نییە، لەبەرئەوەی لەوانەیە ببێتە هۆی پەراوێزخستنی شێوەزارەكانی تر، تەنانەت زمانی تر. وەك بۆ وێنە ئێوە دەزانن لە توركیا بینیومانە. وەرگرتنی ڕەزامەندی سەردەمانێك ئاسان بوو، وەك كیملیكا بیرەوانی گەورەی كەنەدی ئەوانەی لە بواری كۆزمۆپۆلیتیزم، نەشنالیزم و ئەوانە توێژینەوەیان كردووە ویڵ كیملیكا دەناسن. ویڵ كیملیكا شتێكی جوانی هەیە دەڵێ، لە سەردەمی فڕەنسادا كە زمانی پاریس ڕاگەیەنرا وەك زمانی فەرمیی ئەو وڵاتە زۆر ئاسان بوو، نە شۆڕش بەرپا بوو، نە ڕاپەڕین ساز بوو، هەرچەند 11 زمانی تریشی لێ بوو، وەك برێتۆنی، پڕۆڤێنسیال، باسك. ئەمانە هەموو زمانی جیاواز بوون لە فڕەنسا، بەڵام باڵادەستكردنی فڕەنسا بە بێدەنگی جێبەجێ بوو. بۆچی؟ لەبەرئەوەی كە تیك تۆك لە گۆڕێدا نەبوو. لەبەرئەوەی كە هەر كەسە تەلەفۆنێكی بەدەستەوە نەبوو، كە هەر ئێستە لەوانەیە وێنەیەك لە من بگرن، بچێ بۆ سوید و بڵێن فڵانەكەس لێرەیە و خەریكە باسی جووت ستانداردی كوردی دەكات. ئەودەم ئەو شتانە نەبوو. دوای شەش مانگ لەوانە بوو دەنگوباس بگاتە بریتۆنی بڵێن زمانی پاریس بوو بووە زمانی فڕەنسا. لەوانەیە ئەوانیش گوتبێتیان جا ئێمە چ بكەین تازە درەنگە، تازە ئەوە شەش مانگ تێپەڕیوە و فێرگەش دەستی پێ كردووە بەو زمانە. سەردەمەكە جیاوازە ئێستە."

د. جەعفەر لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: ستانداردكردن پێویستە. بۆچی؟ ستانداردكردن ڕەوایەتی دەدا بە هەبوونی زمانێك، ئەوە لە تەواوی دنیا هەیە. زمان هێمای نەتەوە و نەتەوایەتییە بمانەوێ و نەمانەوێ. جا هەندێك لەوانەیە بە ئەمە بڵێ قەوم، گرووپی ئیتنیكی یان نەتەوە یان نەتەوایەتی، بەڵام زمان ئەو پێناسەیە دەكات. بە قسەی مایكڵ هاڵیدەی "ئەگەر دەتوانی لە زۆر شوێنان خۆ لە قەرەی زمانی ستاندارد نەدەی، بڵێی قەیناكا خەڵك چۆنی پێ خۆشە با وا بكا، بۆ وێنە ئەگەر میدیا پێی خۆشە بە بادینی و كوردیی ناوەندی دەنگوباس بڵێ كەیفی خۆیەتی، بەڵام كە هاتییە فێرگە، ناچاری بڕیار بدەی كە ئایا زمانی فێرگە، یەك زمانە، دوو زمانە، دوو شێوەزارە و هتد. 

ئەوەشی گوت، هەڵبەت لەمدواییانەدا شوێنێكی وەك كۆرسیكا، ساردینییا، ئەوە پەیدا بووە هەر قوتابییەك بۆی هەیە گوتارەكەی بەهەر شێوەزارێك پێی خۆشە بنووسێ. بەڵام دوایی پرسیار دێتە گۆڕێ، دەی ئەی مامۆستاكە چۆن بەرهەمی قوتابی هەڵسەنگێنێت، ئەگەر ئەو شێوەزارە نازانێ؟ ئەمانەش ئاڵنگاریی خۆی هەیە.  لایەنێكی ئەرێنیی تری ستانداركردن ئەمەیە كە زمانی ستاندارد دەتوانێ پەناگەیەك بێ، هاناگەیەك بێ بۆ شێوەزارەكانی تر، بۆ ئەو زارانەی كە ماڵوحاڵیان نییە یان بۆ ئەو زاراوانەی كە حاشایان لێ دەكرێ. شێوەزارێكی ستاندارد دەتوانێ شانازی بۆ ئەوانیش وەدەست بێنێ، ڕەوایەتییان پێ بدات. بەم جۆرە مانەوە و بەهێزبوونی شێوەزارەكان بە شێوەیەكی باشتر مسۆگەر بكات. كە وا بوو پێویستە.
 



وشە - سۆران عەزیز