لەناو باڵەخانەی وەزارەتی داد پێشانگەیەكی هەمیشەیی كتێب كرایەوە

:: PM:01:14:11/09/2025 ‌
وەزارەتی داد، پێشانگەیەكی هەمیشەیی كتێبی یاسایی لەناو باڵەخانەی وەزارەت كردەوە، "ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد سەرپەرشتی دەكات".

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ـی ئەیلوول، وەزارەتی دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، بۆ پەرەپێدانی هۆشیاریی یاسایی، پێشانگەی كتێب لەلایەن فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد و ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كراوەتەوە. وەك وەزارەتەكە ئاماژەی بۆ كردووە، پێشانگەكە هەمیشەیی وەزارەتەكەیان دەبێت بۆ كتێبی یاسایی و ناوەندی توێژینەوەی یاسایی كە وەزارەتی داد سەرپەرشتی دەكات. 

وەزارەتی داد ڕای گەیاندووە، لەو پێشانگە هەمیشەییەدا هەموو ئەو كتێبانە بەردەستن كە ناوەندی توێژینەوەی یاسایی، بە هەرسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بەچاپی گەیاندوون، لەگەڵ هەموو ژمارەكانی گۆڤاری (گرێبەستی كۆمەڵایەتی)، هەروەها نامیلكە یاساییەكان كە هەموو كتێب و نامیلكە و ناوەڕۆكی گۆڤارەكەش، تایبەتن بە بابەت و بوارە جیاجیاكانی بواری یاسا. 

وەك لە ڕاگەیەنراوی وەزارەتی داددا هاتووە، پێشانگەكە ئەو كتێبانەی بواری یاسا لە خۆ دەگرێت كە لە هیچ كتێبخانەیەكی تر دەست ناكەوێت، چونكە چاپكراوەكانی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد بەچاپی گەیاندوون.

 دەشڵێت: هەموو هاووڵاتی و كەسانی تایبەتمەندی بواری یاسا، دەتوانن سەردانی بكەن و لەوێ كتێب بكڕن و داوای بكەن، ئاگادارییەكیش دەدات لەوەی  بۆ داهاتوو ناوەندی توێژینەوەی یاسایی، چاپكراوی تری ژمارەیەك ناوەندی یاسایی جیهانی لە پێشانگەكەدا دادەنێت. 

ئاماژە بەوەش دەكات، پێشانگەكە لە دیوانی وەزارەتی دادە و هەموو ڕۆژانێكی دەوامی فەرمی لە سەعات نۆی بەیانی تا دووی پاش نیوەڕۆ كراوە دەبێت.





وشە - سۆران عەزیز