حەوتەمی خولی پێشانگەی سلێمانی بەناو مام جەلالەوە دەكرێتەوە

:: AM:09:00:16/09/2025 ‌
بەهۆی ناونانی پێشانگەی كتێبی سلێمانی بە خولی مام جەلال تاڵەبانییەوە، بەشێك لە كتێبخانەكان ناڕازین و نووسەرێكیش پێی وایە، لەو شارە تا دێت شتەكان بەحزبی دەكرێن.

سلێمانی دەمێكە كەوتووەتە ژێر شەپۆلێكی توندی بە حزبیكردن، ئەمە قسەی سازان خەیاتە كە نووسەری ئەدەبی منداڵانە و بۆ "وشە" باسی ئەوەی كرد، چیتر ئەو شارە شارەكەی پێشتر نەماوە، هەموو شت بەناوی یەكێتی و رەمزەكانیەوە دەكرێت.

لە خولی حەوتەمی پێشانگەی كتێب كە بڕیارە لە سێی 10ی ئەمساڵ بكرێتەوە، خولەكە بەناوی مام جەلالەوە كراوە. بەپێی زانیارییەكانی "وشە" قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی دەكات و هاوكاری ئەمساڵی پێشانگەكەیە.

سازان دەڵێت، ئەم هەڵواسینی وێنە و ناونانی هەموو شت بە كەسایەتییە سیاسییەكانی كورد، كارێكی نەشیاوە، بەتایبەت كە سێلمانی ئەو هەموو نووسەرە باشەی هەیە، لە مێژووشدا چەندان نووسەری گەورەی هەبووە، بۆچی پێشانگەی كتێب بەناوی نووسەرێكەوە نەبێت؟

بڕیارە كۆمپانیای ئەتڵەس، ئەمساڵیش بۆ حەوتەمین جار پێشانگەی كتێبی سلێمانی بكاتەوە، پێشانگەكە لە سێی 10 تا 13ی مانگی 10، بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت.
هاوكات چەندان خاوەن كتێبخانەی سلێمانی نامەیان بۆ "وشە" ناردووە كە ئەوان بە حزبی كردنی كتێب و كتێبخانە و رۆشنبیری و هونەری شارەكە و كوردستانیش ناڕازین و بەشێكیان بەشداری ناكەن.
 



وشە - وشه‌