دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی موكریانی لە 25 ساڵەی یادی دامەزراندنیدا، رێوڕەسمێكی گەورەی لە هەولێر رێكخست و 25 نووسەری خەڵات كرد.
دوێنێ 16ی ئەیلوول دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی موكریانی لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نووسەران، یادی یۆبێلی زیوینی دەزگاكەی كردەوە.
د. سالار عوسمان لە رێوڕەسمەكەدا رای گەیاند، دەگەڕێمەوە بۆ 25 ساڵ لەمەوبەر ئەوكاتە كۆمەڵێك خەڵكی ڕووناكبیر، بیریان لە دامەزراندنی ئەم دەزگایە كردەوە، جەنابی سەرۆك بارزانی هەرزوو ڕەزامەندیی پێشان دا و ئامۆژگاری كردین كە ئەم دەزگایە خەریكی كورد و كوردستان و كولتوور و كتێب بێ، بۆیە ئەگەر سەیری هەموو بەرهەمەكانی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی موكریانی بكەین، دەبینین بێ جیاوازی هەمووانی لە خۆ كۆ كردووەتەوە و كوردستانی پێ گرنگترین و كوردی پێ باڵاترینە.
هەروەها گوتی: ئەم دیدگە ڕۆشنەی سەرۆك بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆكردنەوەی جیاوازییەكان لە بواری كولتووردا پێمان دەڵێ، ئێمە خاوەنی بیركردنەوەیەكی ڕاست و دروستین و ئێستەش بە هەمان میتۆد و تێگەیشتن، پێویستمان بەم بیركردنەوەیە هەیە بۆ ئەوەی بەشێك لە ئاریشە و گرفتەكان چارەسەر بكەین.
لە ڕێوڕەسمەكەدا دۆكیۆمێنتارییەك بە ناونیشانی (بیاڤێك بۆ قەڵەم و ژیان) كە خستنەڕووی مێژووی دامەزراندنی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی موكریانی پێشكەشی ئامادەبووان كرا.
لەو یادەدا دەزگاكە ڕێزلێنانی بەخشییە 25 نووسەر و وەرگێڕ و شاعیری كوردستان كە ساڵانێك خزمەتی كتێبخانەی كوردییان كردووە.
لە ڕێوڕەسمەكەدا سوپاسنامە بەخشرایە ستافی دێرینی نووسەرانی دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی موكریانی، هەروەها میوانانی هەردوو پانێڵ و بەڕێوەبەری پانێڵەكان.