وەزارەتی رۆشنبیری داوا دەكات كارەكانی یەڵماز گیونای لە زانكۆكان بخوێنرێن

:: PM:01:49:18/09/2025 ‌
نووسراوێكی فەرمی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستانەوە، ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كراوە، داوا دەكات كارەكانی هونەرمەندی گەورە یەڵماز گیونای لە زانكۆكان بخوێنرێت، بەپێی نووسراوەكە، داواكەی وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر پێشنیاری هاوسەرەكەی یەڵماز بووە.

لە ناوەڕۆكی نووسراوە فەرمییەكەدا كە واژووی حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستانی لەسەرە. ئاماژە بەوە دراوە، خاتوو فەتووش گیونای هاوژینی یەڵماز،د گیونای دەرهێنەری گەورە و كۆچكردووی كورد، داوا دەكات، "فیلم و كارە هونەرییەكانی گیونای، لە كۆلێجی هونەری زانكۆی سلێمانی بخوێنرێن".

یەڵماز گوینای لە یەكی نیسانی 1937 لە دایك بووە، كوردی زازا بووە، بە باوكی سینەمای كوردی دێتە ژماردن، هاوكات نووسەر، ڕۆماننووس، شاعیر و ئەكتەرێكی دیاریش بووە.

 یەڵماز لە ئەزموونی كاری سینەماییدا، چەندان خەڵاتی جیھانیی بەدەست ھێناوە كە گرنگترینیان خەڵاتی فێستیڤاڵی كان بوو لە 1982، فیلمەكانی گوینای بە زمانی توركی بوون، بەڵام بە ناوەڕۆك كوردی بوون، زۆرتر باسی ئێشی كرێكار و چەوساوەكانی دەكرد.

یەڵماز بەھۆی كارەكانیەوە تووشی كێشە بووە لە بەرانبەر حكوومەتی توركیا، ئەمەش لەبەرئەوەی لە فیلمەكانیدا كارەكتەری كورد، كولتوور و زمانی كوردی ھەبوون.

 لە ساڵی 1974دا یەڵماز لەسەر كەیسی كوشتنی دادوەر سەفا موتلوو دادگایی كرا، بەڵام خۆی ئەوەی ڕەت كردەوە و وڵاتی جێھێشت، بەهۆی ئەوەی توركیای بەجێهێشت، وڵاتینامەی لێ سەنرایەوە.

گوینای نەك هەر سینەماكار، بەڵكو چالاكێكی سیاسیی مافەكانی كوردیش بوو، ساڵێك پێش مردنی، لە ساڵی 1983 لەگەڵ جگەرخوێن، ھەژار موكریانی و كۆمەڵێك ئەدیبی تر، ئینستیتیوتی كوردیی پاریسیان دامەزراند.

یەڵماز گوینای لە ساڵی 1983 لە فڕەنسا فیلمی "دیوار"ی بەرهەم هێنا، لە ساڵی 1984دا فیلمەكە بووە كاندیدی خەڵاتی "تایبەتی داوەری"ی فێستیڤاڵی كان. لە نۆی ئەیلوولی 1984 بەهۆی شێرپەنجەی گەدە، لە فڕەنسا كۆچی دوایی كرد و لە شاری پاریس بەخاك سپێردرا.





وشە - سۆران عەزیز