رۆمانی "دڵێكی وا سپی" بەرهەمی نووسەری ئیسپانی خابیێر مارییاسە، یەكێك لە نووسەرە دیارەكانی دنیایە و لەلایەن ئارام ڕەشید كراوە بە كوردی، ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند لە حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ كتێب، بڵاوی دەكاتەوە.
ڕۆمانی "دڵێكی وا سپی" یەكەمین بەرهەمی نووسەری ئیسپانی خابیێر مارییاسە كە بە زمانی كوردی چاپ و بڵاو دەبێتەوە، ڕۆمانەكە لە ساڵی 1992 بڵاو كراوەتەوە و لە ساڵی 1997 خەڵاتی نێودەوڵەتی "دەبڵن ئیمپاك"ی پێ بەخشراوە.
لەبارەی ناوەڕۆكی ڕۆمانەكەوە ئارام ڕەشید بۆ "وشە" گوتی، چیرۆكەكە لەبارەی وەرگێڕێكە بە ناوی خوان كە لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە باڵا نێودەوڵەتییەكان كار دەكات، هەر لەو ڕێگەیەشەوە بە كچە هاوپیشەیەكی ئاشنا دەبێت و هاوسەرگیری دەكەن، كە ئەمە سەرەتای بەسەرهاتەكەیە.
" خوان، لە یەكێك لە هۆتێلەكانی هاڤانایە بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینی، بەڕێكەوت گوێی لە قسەی ژنێك دەبێت لە ژوورەكەی تەنیشتیان، دەنگی ژنێك كە داوا لە پیاوێك دەكات ئەگەر بەڕاستی خۆشی دەوێت، با لەبەر خاتری ئەو ژنەكەی خۆی بكوژێت، بەمەش دەكەوێتە هەڵدانەوەی ڕابردووی خۆی".
خابیێر مارییاس لە ساڵی 1951 لە مەدرید لە دایك بووە و لە ساڵی 2022دا مردووە. نووسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوان بووە، یەكێك بووە لە بەناوبانگترین نووسەرەكانی ئیسپانیا كە بەرهەمەكانی بۆ زۆربەی زمانە جیاوازەكانی دنیا هاتوونەتە وەرگێڕان. لە زانكۆكانی ئیسپانیا و ئەمەریكا و لە ساڵی 1983 تا 1985 لە زانكۆی ئۆكسفۆرد، وانەی ئەدەبیاتی گوتووەتەوە.
ئارام ڕەشید تا ئێستە ڕۆمانەكانی "كۆلارەباز، بەردی سەبووری، ڕێگا، بازاڕیی، كافكا لە كەنار دەریا، ترس لە مەرگ، ڕێگاكانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، نزا بۆ ڕفێندراوەكان "ی وەرگێڕاوە.