فێستیڤاڵی مەڕە كەڕی كوردی بەڕێوە دەچێت

:: PM:02:19:02/10/2025 ‌
فێستیڤاڵێكی جیاواز لە سنووری دارەشەكران بەڕێوە دەچێت، ئامانج لێی پێشاندانی جۆرە مەڕێكی كوردییە كە نرخێكی خەیاڵی هەیە و هۆكارێكە بۆ ناساندنی ئەو مەڕە بە دنیادا.

ئەمڕۆ پێنجشەم دووی تشرینی یەكەم، شاكر مەلا قادر سەرۆكی دەستەی رێكخستنی فێستیڤاڵی مەڕە كەڕەی كوردی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ فێستیڤاڵێكی جیاوازمان هەیە و ئەنجام دەدرێت.

زیاتر گوتی، ئامانجمانە مەڕە كەڕەی كوردی بە دنیا بناسێنین، چونكە جێگەیەكی تایبەت و نرخی لە بازاڕدا لە نێوان ملیۆنێك و نیو بۆ 15 ملیۆن دینارە.

ئاماژەی بەوەش كرد، فێستیڤاڵەكە شتێكی جیاوازە و لە سنووری زرارەتی و بەدیاریكراوی لە شارەدێی دارەشەكران بەڕێوە دەچێت.

لە عێراقدا سێ جۆر مەڕی ناسراو هەن (عەواسی، عەرەبی و كوردی)، یەكەمیان 60%ی مەڕی عێراق پێكدێنێ‌ و لە ناوەڕاستی عێراق بەخێو دەكرێت، دووەم و سێیەمیشیان هەریەكەیان 20%ی مەڕی عێراق پێكدێنن. مەڕی عەرەبی لە خوارووی  عێراق و مەڕی كوردیش زیاتر لە باشووری كوردستان بەخێو دەكرێ‌.

بەپێی ئامارێك كە لە ساڵی 2011دا كراوە، حەوت ملیۆن و 722 هەزار و 372 مەڕ لە عێراقدا هەبووە كە 20%یان مەڕی كوردی بوونە.



وشە - رامیار جەواد