زۆزان بركۆ: ئەوانەی هێرشیان كردە سەر كارە هونەرییەكەمان لە سلێمانی لایەنگری داعشن

:: AM:09:11:06/10/2025 ‌
تەڤ-چاند لەبارەی كۆنسێرتەكەی هونەرگەی وڵاتەوە كە لە شاری سلێمانی پێشكەش كرا ڕای گەیاند، ئەو هێرشە لەلایەن كەسانێكەوە ئەنجام درا كە ئێمە وەك لایەنگر و پشتیوانی داعش پێناسەیان دەكەین، خواستیان سەركوتكردنی ناسنامەی كوردە.

تەڤگەری چاند و هونەریی دیموكراتی میزۆپۆتامیا (تەڤ-چاند)، لەبارەی كۆنسێرتەكەی هونەرگەی وڵات كە لە زانكۆی ئەمەریكی لە شاری سلێمانی باشووری كوردستان ئەنجامیان دا و كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە.

ڕاگەیەنراوەكە لە پێش ناوەندی تەڤ-چاند لە شاری قامیشلۆ بە ئامادەبوونی ئەندامانی تەڤ-چاند و هونەرگەی وڵات، لەلایەن زۆزان بركۆ ئەندامی وەشانی شلێرەوە خوێنرایەوە.

زۆزان بركۆ ڕای گەیاند، "لە ساڵی 2012 گەلی ڕۆژئاوا لە دژی ڕژێمی بەعس دەستیان بە ڕاپەڕین كرد، بەم ڕاپەڕینە گەل گەیشت بە ئازادی، توندڕەوترین و تاریكترین بزووتنەوەكان بە ڕابەرایەتیی چەتەكانی داعش بە پاڵپشتی هێزە هەرێمییەكان، ڕوویان لە ڕۆژئاوای كوردستان كرد و بۆ یەكەمین جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هێرشێكی دڕندانە بۆ سەر گەل بەم شێوەیە ئەنجام درا.”

گوتیشی: بە سەركردایەتیی ژنانی كورد، كچان و كوڕەكانمان، بەرخۆدانێكی مێژوویی دەستی پێ كرد و بەشێوەیەكی قارەمانانە توانرا داعش تێكبشكێنرێت، ئەم هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن، كچ و كوڕەكانمان ڕۆژانە شەهید دەبن.

ئەوەشی خستەڕوو، لەمدواییانەدا لەسەر داوای دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكانی باشووری كوردستان، هونەرگەی وڵات كۆنسێرتێكی كاریگەری لە شاری سلێمانی ئەنجام دا، لە كۆنسێرتەكەدا سەمایەك بە ناوی "ڤەژین" نمایش كرا، كە تیشك دەخاتە سەر ئازار و مەینەتی و ڕزگاری ژنانی ئێزیدی و هەموو ژنانی كوردستان و دنیا، ئەو ژنانە ویستوویانە ئەو ئازارە دەرببڕن كە بەدەستی سیستمە توندڕەوەكان و ڕێكخراوی داعش و هەموو ئەو لایەنانەی كە ئیسلام بۆ مەبەستی خۆیان بەكار دەهێنن، هەرچەندە سەمای هونەرگەی وڵات كەوتە بەر هێرشێكی ڕێكخراو لەلایەن ئەو كەسانەی ئێمە وەك لایەنگرانی داعش پێناسەی دەكەین".

گوتیشی: ئێمە ئەو دەستە پیسانە دەناسین كە لە پشت ئەو هێرشانەوە بوون بۆ سەركوتكردنی ناسنامەی كوردی، شۆڕشی ڕۆژئاواش بە شۆڕشی ژنان پێناسە دەكرێت، پەرەپێدانی هونەری كوردی لە هێڵی ژنانی ئازاددا پیرۆزترین و بەنرخترین كارە.

لە بەردەوامی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، "گەلی ئێمەی باشووری كوردستان ئامانجی گڵاوی ئەو لایەنە تاریكانەی بینیوە و هەڵوێستێكی بەهێزیان پێشان دا، بۆیە بەناوی گەلی ڕۆژئاوای كوردستانەوە سڵاو لە پشتیوانی و هەڵوێستی گەلەكەمان لە باشووری كوردستان دەكەین.”

ئاماژە بەوەش كراوە: "جارێكی تر سوپاسی ڕێكخراوی كەشكوڵ و زانكۆی ئەمەریكی لە سلێمانی (AUIS) ، هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، كوڕان و كچانی كورد و چالاكانی كورد و هونەردۆستانی سەرانسەری كوردستان، سەرجەم بەشدارانی كۆنفرانسی كوردناسی دەكەین، بۆ پێشوازیكردن و پاڵپشتیكردنی گرووپی هونەرگەی وڵات.”

لە كۆتادا هاتووە، "وەك ناوەندی چاند و هونەری و ئەدەبی، پشتیوانی خۆمان بۆ كار و هەوڵە سەركەوتووەكانی گرووپی هونەرگەی وڵات دووپات دەكەینەوە، پێویستە گەلەكەمان باش بزانێت كە داهێنانەكانی گرووپی هونەرگەی وڵات لە داهاتوودا لە ئاستێكی بەهێزتر و بەرزتردا بەردەوام دەبێت.”




وشە - سۆران عەزیز