شاخەوان سدیق ڕای گەیاند، دیداری هەورامانناسی دامەزراوەی "كەریمی عەلەكە" بەڕێوەی دەبات و چەندان بابەتی هەمەجۆر لەخۆ دەگرێت.
لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" شاخەوان سدیق رای گەیاند، دیدارەكە بۆ باسكردن و گفتوگۆكردنە لەسەر هەورامانناسی، لە دیدارەكەدا یەكترناسین و دروستكردنی پێوەندیی كۆمەڵایەتیی دێتە ئارا. دووپاتیشی كردەوە، دیدارەكە ساڵانە و بەشێوەیەكی بەردەوام بەڕێوە دەچێت، هەوڵ دەدەن ساڵ دوای ساڵ بابەتی زیندووتر و گرنگتر پێشكەش بكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تشرینی یەكەم، لە هەڵەبجە دیداری هەورامانناسی بەڕێوە دەچێت و تێیدا چەندان لایەنی گرنگی كولتووری، ئەدەبی و مێژوویی ناوچەی هەورامان دەخرێنەڕوو و گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت.
ئەمساڵ نۆ توێژەر بەبابەتی نوێوە بەشدارییان لە دیدارەكەدا كردووە، توێژینەوەكانیان تایبەت بۆ ئەم بۆنەیە ئامادە كردووە. دیدارەكە هەوڵ دەدات توێژەران لە ناوخۆ، ڕۆژهەڵاتی كوردستان و سەرجەم ناوچەكانی هەورامان كۆ بكاتەوە.