"دەچمەوە كوردستان بۆ ئەوەی لەوێ بژیم نەك بمرم" لە ساڵوەگەڕی مردنی محەمەد ئوزووندا"

:: PM:01:53:11/10/2025 ‌
ئەمڕۆ 17مین ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی نووسەری ناوداری كورد "محەمەد ئوزوون"، كە نووسەری كۆمەڵێك بەرهەمی جوان و باڵایە بە هەردوو زمانی كوردی و توركی. 

محەمەد ئوزوون لە مانگی ئاداری ساڵی 2002 لە بەرگرینامەی خۆیدا لە بەردەم دادگای ئاسایشی دیاربەكر دەڵێت: "لە شارێكی بچووكی نزیكەی 70 كیلۆمتر دوور لێرە لە دایك و باوكێكی كورد هاتمە دنیاوە. كوردی بوو بە زمانی دایكیم و زمانی كوردی یەكەم دەوڵەمەندیی وشەدانی ڕوحی منی پێك هێنا. لەبەر ئەم هۆكارە و بە هۆی هەستكردنم بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی ڕۆمانەكانم بە زمانی كوردی دەنووسم."

 ئوزوون كە لەو دانیشتنەی دادگادا، بە هۆی ڕۆمانی "ڕووناك وەك ئەڤین و تارك وەك مردن"، تاوانی جوداخوازی درابووە پاڵی، لە وەڵامی دادوەران و داواكاری گشتیدا دەڵێت: "جوداخوازی ئەوەیە هەوڵ بدرێت بۆ قەدەغەكردن یان لەناوبردنی زمان و ئاین و ناسنامەی میللەتێك. ئەوە تەنیا جوداخوازی نییە، بەڵكو تاوانی مرۆڤایەتیشە." 

نووسەر و رەخنەگر حەمەسەعید حەسەن لە گوتارێكیدا لەبارەی ئوزوون دەنووسێت: ژیانت تەنیا دوو سێ هەفتەیەكی تری بەبەرەوە ماوە، چاكتر وایە بچیتەوە لە ماڵەوە پشوو بدەیت.) لە بەرسڤی ئەو پەیامە ورەڕووخێنەدا، محەممەد ئوزوون دەبێژێت: (دەچمەوە بۆ كوردستان، بۆ ئەوەی لەوێ بژیم نەك بمرم.) بەپێچەوانەی پێشبینیی پزیشكە سویدییەكەیەوە، وا سێ مانگە ئوزوون لە ئامەد دەژی و وەك دۆكتۆرە كوردەكان دەیانگوت، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ باشتر دەبێت و ئومێدی ژیانی لەسەرووی لەسەددا پەنجایشەوەیە.

"تارماییی مەرگ سەری بە ئوزوون نەوی نەكرد و ئەوەتا بەوپەڕی ورەبڵندییەوە، بەگژ خراپترین جۆری سامناكترین نەخۆشیدا دەچێتەوە، ئاخر ئەو هێندە بە ژیانەوە پێوەستە، مەحاڵە دەرگەی دڵی بە ڕووی مەرگدا بخاتە سەر پشت. كەسانی وەك ئوزوون دەشێت بەوپەڕی خۆشییەوە، لەپێناوی شادیی خەڵكدا بەرەو ڕووی مەرگ ببنەوە، وەلێ هێندە ژیانیان خۆش دەوێت، لە دژوارترین هەلومەرجیشدا، كۆشكی ورەیان هەرەس ناهێنێت و ئەوەی قەت بیری لێ نەكەنەوە، هەڵاتنە لە ژیان." حەمە سەعید حەسەن وادەڵێت.

حەمەسەعید حەسەن دەڵێت: كورد هەر چوار پێنج ڕۆماننووسی گەورەی هەیە، ئوزوون یەكێكیانە، چونكە بەرهەمی هیچ ڕۆماننووسێكی كورد هێندەی بەرهەمی وی، بۆ سەر زمانانی تر وەرنەگێڕدراوە، بۆیە لە هەندەران ناسراوترین نووسەری كوردە. ئەو گەلێك جار خەڵات كراوە، وەلێ وەك خۆی بە ئێمەی گوت، هێژاترین خەڵات لەلای ئەو، ئەوەیانە لە باشووری كوردستان پێی بەخشراوە.

محەمەد ئوزوون یەكی كانوونی دووەمی 1953 لە سێوەرەگ لە پارێزگای ڕحا لە باكوری كوردستان لە دایك بووە. ئوزوون دامەزرێنەری ڕێكخراوی پێنووسی كورد لە سوید، خاوەنی حەوت ڕۆمانە بە زمانی كوردی كە یەكەم ڕۆمانی بە ناوی تۆ لە ساڵی 1985 بڵاو كردەوە. ھەروەھا ئەو گەلێك لێكۆڵینەوە و ھەڵبەستی نووسیوە و بڵاوی كردووەتەوە، كە یەكێك لە ھەڵبەستە درێژەكانی بە ناوی "دەستانا عەگیدەكی" لەلایەن ھونەرمەند جوان حاجۆ كراوەتە گۆرانی. ئەو جگە لە زمانی كوردی، گەلێك بەرھەمی بە زمانەكانی ئینگلیزی، سویدی و توركیش نووسیوە.

ھەندێك لە توێژەران، ئەو وەك سەركێشی ڕۆمانی كوردی مۆدێرن دەپەژرێنن و بەرھەمی ئەو لە ڕیزی ئەو بەرھەمانەن كە زۆر دەخوێنرێنەوە و خوێنەرانێكی زۆر حەزی پێ دەكەن، بە تایبەتی ڕۆمانەكانی "سیا ئەڤینێ" و " ڕۆنی مینا ئەڤینێ، تاری مینا مرنێ" گەلێك بەرچاوترن و ئەم دوو ڕۆمانەی بۆ گەلێك زمانی بیانی وەرگێڕدراونەتەوە. ئوزوون بە ھۆی خەبات و نووسین بە زمانی كوردی، چەند جاران لە لایەن دەستەڵاتی توركان خرایە بەندیخانەوە و ھەر بە ھۆی ئەم كێشەوە، ھاوینی ساڵی 1977ێ باكوری كوردستانی بەجێھێشت و بۆ ساڵانێكی دوور و درێژ لە وڵاتی سوید مایەوە. لە سوید ئەندامی كارای "پێنی سوید" بوو و ساڵی 2001 خەڵاتی  Torgny Segerstedtی سویدی وەرگرت. ساڵی 2005 گەڕایەوە باكور و ھەر لە كۆتایی ئەم ساڵەدا كۆڕێكی ڕێزلێنان لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەولێری پایتەخت بۆ ئوزوون بەڕێوە چوو.

29ی گوڵانی 2006 دەركەوت كە ئوزوون تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە هاتووە، سەرەتا لە نەخۆشخانەی زانكۆی كارۆلینسكی ستۆكھۆڵم خەوێنرا و پاشان و بۆ چارەسەری چوو بۆ ئەمەریكا. ئوزوون لە11ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2007 لە نەخۆشخانەی ئامەد كۆچی دوایی كرد.



وشە - سۆران عەزیز