جان دۆست رۆمانێك لەسەر مستەفا بارزانی بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:04:15/10/2025 ‌
نووسەرێكی كورد، ڕۆمانێك لەبارەی ژیان و خەباتی مەلا مستەفا بارزانی بە زمانی عەرەبی بڵاو دەكاتەوە، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبووانی ناساند.

مستەفا بارزانی وەك گەورەترین سەركردەی درێژترین شۆرشی كورد، جارێكی تر لە دووتوێی كتێبێكدا چووە بەغدا و لە پەرلەمانی عێراق رێزی لێ گیرا.

"ێ‌خر معارک الجنرال"  رۆمانێكی نوێی جان دۆستە، وەك هەمیشە رۆمانەكانی نووسەر ئیشكردنە لە قووڵایی مێژوو، ئەم رۆمانەیان باس لە مێژووی نوێ دەكات.
 
چەند مانگێكە ڕۆمانی ""ێ‌خر معارک الجنرال" " لە بەیرووتی پایتەختی لبنان چاپ كرا و بۆ یەكەم جار لە پەرلەمانی عێراق لە رێوڕەسمێكی شایستەدا بڵاو كرایەوە.

جان دۆست بۆ "وشە" گوتی، ناوەڕۆكی ڕۆمانەكە باس لە خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد دەكات لە باشووری كوردستان، هاوكات ژیان و خەباتی مەلا مستەفا بارزانی بەشێكی سەرەكیی ئەو ڕۆمانەیە.

ئەو ڕۆماننووسە ئاماژەی بەوە دا، ڕۆمانەكە لە دواڕۆژەكانی مستەفا بارزانی دەست پێ دەكات لە نەخۆشخانەی واشنتن، قۆناغ بە قۆناغ لە ڕێگەی بیرەوەرییەكانی باس لە خەبات و تێكۆشانی 100 ساڵی ڕابردوو دەكات، خواستی گەلی كورد بۆ سەربەخۆیی و بەرگریكردن لە مافە ڕەواییەكانی دەگێڕێتەوە.

هەروەها باسی لەوە كرد، ڕۆمانەكە خێراتر لە كتێبی مێژوویی دەگاتە ناو خوێنەرانەوە، بۆیە بە پێویستی زانیوە بیرەوەرییەكان و ڕووداوەكانی مێژوو بەشێوەی ڕۆمان بگێڕێتەوە.

جان دۆست ئەوە دەخاتە ڕوو، ڕۆمانەكەی بە زمانی عەرەبی نووسیوە، چونكە ئامانجی ئەوەبوو تێكۆشانی گەلی كورد بخاتە بەر دیدی خوێنەرانی عەرەب، هەست بە هەبوونی بۆشایی دەكات لەم بوارە و دەیەوێت بگاتە سەرجەم وڵاتە عەرەبییەكان و خوێنەرانی عەرەب.

جان دۆست نووسەرێكی كوردی ڕۆژئاوای كوردستانە، لە ساڵی 1965 لە كۆبانێ لە دایك بووە، كتێبەكانی بە زمانی كوردی شێوەزاری كرمانجی و زمانی عەرەبی دەنووسێت، خاوەنی ژمارەیەك ڕۆمانی بە ناوبانگە میرنامەكەی لەسەر ئەحمەدی خانی بەناوبانگترینیانە.



وشە - سۆران عەزیز