قەڵای هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە

:: PM:02:01:15/10/2025 ‌
لە هەنگاوێكی گرنگدا بۆ بووژانەوەی كەرتی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان و پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەكانی، رێككەوتنێك بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار، لە نێوان كۆمپانیای كار و رێكخراوی یونیسكۆ واژوو كرا، ئەم رێككەوتنە لە پاریسی پایتەختی فڕەنسا ئەنجام درا و ئامانج لێی نۆژەنكردنەوەی چەند خانوویەكە لەسەر قەڵای هەولێر بە مەبەستی گەشتیاری.

لە درێژەی هەوڵەكانی بەهێزكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رێكخراوی یونیسكۆ لە بوارەكانی پەروەردە، زانست، كولتوور و شوێنە مێژووییەكان، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتیی سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە، لە بارەگای سەرەكیی یونیسكۆ لە پاریس، بەشدار بوون لە واژووكردنی رێككەوتنی نێوان كۆمپانیای كار و رێكخراوی یونیسكۆ.

ئەم رێككەوتنە كە بە بەهای 10 ملیۆن دۆلارە، بۆ ماوەی چوار ساڵە و كۆمپانیای كار لە ساڵی 2014ـەوە هاوكاری یونیسكۆ دەكات، ئامانجی سەرەكیی ئەم پڕۆژەیە، پەرەپێدانی تواناكانی قوتابیانە لە رووی گەشتیاری و شوێنەوارەوە، هەروەها نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك خانوو لەسەر قەڵای هەولێر بۆ ئەوەی ببنە جێگەی سەرنجی گەشتیاران، رۆڵیان هەبێت لە گەشەپێدانی كەرتی گەشتیاریدا.

قەڵای هەولێر یەكێكە لە كۆنترین شوێنەوارە مێژووییەكان لە دنیادا، لە ساڵی 2014 لەلایەن یونیسكۆ خرایە لیستی كەلەپووری جیهانییەوە، نۆژەنكردنەوەی ئەم خانوو و شوێنەوارانە دەبێتە هۆی پاراستنی زیاتری ئەم كەلەپوورە گرنگە و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەشتیاران تا لە نزیكەوە ئاشنا ببن بە مێژوو و كولتووری دەوڵەمەندی كوردستان.



وشە - پێشەنگ مەحموود