رێز لە ئەحمەد كایا دەگیرێت و شەقامێك بەناویەوە كرا

:: AM:08:54:25/10/2025 ‌
شارەوانیی شارۆچكەی میدیاتی پارێزگای مێردین لە باكوری كوردستان كە شارەوانییەكە لە ژێر دەسەڵاتی ئاكپارتییە، ناوی شەقامێكی گۆڕی بۆ شەقامی ئەحمەد كایا. 

شارەوانییەكە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، "خۆشحاڵن ناوی ئەحمەد كایا لە میدیات بە زیندوویی دەهێڵینەوە كە بە هونەر و دەنگە ئیلهام بەخشەكەی لەناو دڵی ملیۆنان كەسدا ماوە.

 هەر لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوەش كراوە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی شارەوانیی ناوی شەقامی مێزارلیك،  گۆڕاوە بۆ شەقامی ئەحمەد كایا.

كایا هونەرمەندی ناوداری كوردی باكوری كوردستانە و لە ساڵی 1957 لە مەلەتی باكوری كوردستان لە دایك بووە، كایا لەلایەن نەتەوەپەرستەكانی وڵاتەكە چەوسێنرایەوە و ڕێگریی لێ كرا گۆرانی كوردی بڵێتەوە. 

بەهۆی عەقڵی نەتەوەپەرستەكانەوە كەوتە گرتووخانە و دواتر چووە دەرەوەی توركیا و تا كۆتایی ژیانی لە فڕەنسا مایەوە، كایا بەهۆی ئەو فشارەی كەوتە سەری، تووشی نەخۆشی بوو هەر بەو هۆیەشەوە كۆچی دوای كرد.

ئەحمەد كایا ئاگەرچی هەموو تەمەنی بۆ هونەری توركی تەرخان كرد، بەڵام لە كۆتاییدا بڕیاری دا وەك كوردێك گۆرانی بەكوردیش بڵێت، دیار بوو ئەوە بۆ ئەوكاتی توركیا ئەستەم بوو، بۆیە بەرپەلاماری نووسەران و هونەرمەندان و رۆژنامەنووسان و شەقامی نەتەوەپەرستی وڵاتەكە كەوت.

دواتر هونەرمەند ئەحمەد كایا سەری خۆی لە توركیاوە بەرەو فڕەنسا ھەڵگرت، دوای ماوەیەكی كەم لەوێ لە ساڵی 2000 كۆچی دوایی كرد.



وشە - سۆران عەزیز