وەزیری رۆشنبیری ئێران سەردانی هونەرمەند عوسمان كێمنەیی كرد

:: PM:12:16:29/10/2025 ‌
وەزیری رۆشنبیری ئێران لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە عوسمان هەورامی رای گەیاند، "كەسایەتییەكانی وەك تۆ نەك هەر كارامە و شارەزان لە گۆرانیگوتن‌ و ئاوازدانان، بەڵكو بە كەسایەتییە جەماوەری ‌و خۆشەویستەكەی خۆت، دڵەكان بەرەو لای خۆت ڕادەكێشیت‌ و پێشوازیی خەڵك لە تۆ، ئاماژەیە بۆ ئەو ڕاستییەی كە هونەرەكەت لە هونەرێكی باو و بیستراو باڵاترە".

پێوەندییە گشتییەكانی پارێزگاری سنە بڵاوی كردەوە، لە دیدارەكەدا رێز لە ساڵانێك كار و هەوڵی هونەریی عوسمان هەورامی بۆ پاراستنی كولتوور و هونەری فۆلكلۆری كوردی گیراوە. 
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاو كراوەتەوە، عەباس ساڵحی وەزیری كولتووری ئێران دەڵێت: "ناوچەی هەورامان تەنیا سروشتی جوانی نییە. لەگەڵ ئەو سروشتە جوانەدا دەنگ و ئاوازساتی پێشكێشكردنی سوپاسنامە و رێزلێنان لە هونەرمەند عوسمان هەورامیی جوانیشی هەیە، عوسمان هەورامی یەكێك لە دەنگە ناوازەكانی ئەو ناوچەیەیە." 
 
ئارەش لهۆنی پارێزگاری سنەش دەڵێت: "لە ئاواز و موزیكی هەوراماندا، چیتر كەسی وەك عوسمان هەورامی هەڵناكەوێتەوە".

 بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەباس ساڵحی پاش نیوەڕۆی دوێنێ سێشەم ٢٨ی ١١، سەردانی شاری مەریوانی كرد و دیداری لەگەڵ عوسمان هەورامی هونەرمەندی ناسراوی كورد كرد.

عوسمان هەورامی كە بە عوسمان كێمنەیی ناسراوە، ساڵی 1936 لە گوندی كێمنەی ناوچەی هەورامان و سەربە شاری پاوە لە دایك بووە، ناسراوترین هونەرمەندی ناوچەی هەورامانە و رێزی زۆری لەناو خەڵك و هونەرمەندان هەیە، بەڵام زیاتر لە 20 ساڵە بەهۆی نەخۆشییەوە گۆرانی ناڵێ.



وشە - سۆران عەزیز