بە بەشداریی 15 وڵاتی جیاواز، دوای سێ رۆژ نمایشی شانۆیی لە شەقامەكانی كەركووك، دواجار باشترینەكانی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام لە كەركووك خەڵات كران، كچێكی هەڵەبجەییش بەناوی توران عومەر توانی خەڵاتی باشترین ژنە ئەكتەر بباتەوە.
سەرەتای رێوڕەسمەكە خوێندنەوە بۆ چەند توێژینەوەیەكی هونەریی كرا، كۆی گشتی 20 توێژینەوەی هونەریی پێشكەش كران، لە ناویاندا حەوت توێژینەوە هەڵبژێردران و خوێندنەوەیان بۆ كرا و باشترینەكان دیاری كران.
پاشان لەلایەن لیژنەكانی دادوەرییەوە خوێندنەوە بۆ سەرجەم نمایشە شانۆییەكان كرا، دواتر لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەكەوە پوختەی سەرجەم چالاكییەكانی سێ ڕۆژی نمایشی فێستیڤاڵەكە بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو.
شەماڵ عومەر سەرۆكی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆیی شەقام لە كەركووك، بۆ "وشە" گوتی، توانیمان دادوەری بكەین بەبێ ئەوەی هەست و سۆزی خۆمان تێكەڵ بەكارەكان بكەین، چونكە هەمووان ئاستێكی باشمان هەیە.
ئەنجامەكانی فێستیڤاڵ بەم شێوەیە بوو، باشترین ئەكتەری پیاو محەمەد مەڵەس لە سووریا، باشترین ئەكتەری ژن توران ئومێد لە هەڵەبجە، خەڵاتی باشترین دەرهێنان بۆ دەرهێنەر كەیمان حوسێن بوو، دەرهێنەری شانۆی ماسی كۆچەكان، هاوكات خەڵاتی باشترین بیرۆكە بۆ بیرۆكەی برۆمیتە بوو لە شاری تەورێزی ئێران، خەڵاتی باشترین بەرجەستەكردنی بەكۆمەڵ بۆ شانۆی عەزرا لە كەركووك بەخشرا، خەڵاتی باشترین نمایشی شانۆی تەواو بۆ شانۆی ئەمە ژیانە یان ژانە، بۆ شاری مەریوانی ئێران بوو.
پاشان لەلایەن گرووپی كیژانی سنەوە چەند پارچە گۆرانی و موزیكێك پێشكەش كران، دواتر لەلایەن ڕێكخەرانی فێستیڤاڵەكەوە قەڵغانی ڕێزلێنان پێشكەش بە گرووپی كیژانی سنە و چەند كەسایەتییەكی تر و لیژنەكانی دادوەریی فێستیڤاڵ كرا.
دواتر ئەنجامی باشترینەكانی فێستیڤاڵ ئاشكرا كران و سەرەتا لە شانۆیی منداڵانەوە دەستی پێ كرد، خەڵاتی باشترین نمایشی شانۆی منداڵان بەخشرا بە شانۆیی "یاری و بۆمب" لە شارۆچكەی چەمچەماڵ، خەڵاتی دووەم بەخشرایە باشترین ژینگەپارێز لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.