دەزگای جەمال عیرفان لە سلێمانی كتێبێكی نووسەر و وەرگێڕی دیاری كورد جەلیل كاكەوەیس چاپ دەكات، كتێبەكە بەدڵی نووسەر نییە و یەك دنیا هەڵەی تێدایە، كچی نووسەریش دەڵێت: تەنانەت لە بەرگی كتێبەكەش هەڵەیان كردووە.
دەزگای جەمال عیرفان كە دەزگایەكی چاپ و بڵاوكردنەوەی دیاری كوردستانە و د. تەها رەسووڵ خاوەنیەتی.
لە چەند رۆژی رابردوودا راگەیەنرا كە بیرەوەرییەكانی جەلیل كاكەوەیس بەناوی "ساڵكاری خەونەكان" بڵاو دەكرێتەوە، بەڵام دوای ئەوە چاپ كرا وەك دەردەكەوێت دەزگاكە هەڵەیەكی زۆری لە كتێبەكەدا كردووە و تەنانەت لە بەرگی كتێبەكە هەڵە كراوە.
میدیا جەلیل كاكەوەیس لەمبارەیەوە رای گەیاند، بەناوی باوكمەوە جەلیل كاكەوەیس داوای لێبوردن لە خوێنەرەكانی دەكەین كە بەوپەڕی بێ بایەخی و پەلەییەكی زۆر و پڕهەڵە، بیرەوەرییەكانی كەوتە بەردەست خوێنەرانی.
ئەوەشی گوتووە، هەرچەندە بەم شێوازەش ئێمە هەر سوپاسیان دەكەین كە ئەرك و ماندووبوونیان كێشاوە و پێزانینمان بۆ ئەو ماندووبوونەیان هەیە، بەڵام دەكرا وردتر بەو ئەركە هەڵسانایە، تەنانەت ناونیشانی كتێبەكەش هەڵەیە ساڵكار نییە بەڵكو ساڵگاری خەونەكانە.
"هیچ كات بەم شێوازە كتێبی چاپ نەكراوە، بەداخەوە كە ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانیی جەلیل كاكەوەیس و ئێمە و خوێنەرانی كە هەر پێوەی دیارە پڕە لە كەموكورتی، بۆیە داوای لێبوردن لە دۆست و هاوڕێ و خوێنەرانی ئازیز دەكەین، لە ماوەیەكی كورتدا لەسەر ئەركی خۆمان بیرەوەرییەكان دووبارە چاپ دەكەین كە ئەمجارە ساڵگاری خەونەكان، بەدیزاین و بەرگ و پڕ لە یادگەی جوانی جەلیل كاكەوەیس دێتە خزمەتتان و دووبارە لە دایك دەبێتەوە." میدیا جەلیل كاكەوەیس وای گوتووە.