ژیانى پیشه‌یى خۆى وه‌ك چیرۆكى گۆرانیى فیلمێك بوو. له پشت سوكانى ئۆتۆمبیله‌كه‌ى دانیشتبوو، له ده‌رهێنه‌رێكى به‌ناوبانگى سینه‌مایى ده‌ڕوانى، سیما و تێڕوانینى چاوه‌كانى وایان پێشان ده‌دا هه‌زار ساڵ ژیاوه. لێره‌دا ئه‌وه روو ده‌دات كه هه‌میشه له نێوان ئه‌كته‌رێكى گه‌وره و ده‌رهێنه‌رێكى داهێنه‌ر روو ده‌دات. ده‌رهێنه‌ر داوا له پاڵه‌وانه‌كه‌ى ده‌كات شته‌كان تاقى بكاته‌وه، متمانه‌ى پێ بكات، خۆى له هه‌واوه هه‌ڵبدات بۆ ئه‌وه‌ى به جوانى پێشوازى لێ بكرێت. داواى لێ ده‌كات سه‌ركێشى بكات به هه‌موو یارى و خه‌یاڵ و چێژ و تۆقینه‌وه. ده‌رهێنه‌ر پاڵه‌وانه‌كه‌ى رازى ده‌كات ده‌مامكه‌كه‌ى دابنێ، بۆ ئه‌وه‌ى دانه‌یه‌كى جوانترى ده‌ست بكه‌وێ. ده‌یه‌وێ به ته‌واوى له‌لایه‌نى رۆحییه‌وه رووت ببێته‌وه. داواى لێ ده‌كات رۆحى خۆى راده‌ست بكات. دڵنیاى ده‌كاته‌وه له‌وه‌ى ته‌واوى رێگه‌كه له‌گه‌ڵى ده‌بێت. له دیوێكى تر‌ى سه‌ركێشییه‌كه ده‌بێت، بۆ له كه‌وتن هه‌ڵیگرێته‌وه و پارێزگارى لێبكات و له‌وه‌یش گرنگتر سه‌یرى ده‌كات.
عه‌باس كیارۆسته‌مى هه‌ر ئه‌مه‌ى له‌گه‌ڵ هۆمایۆن ئیرشادى كرد، ئه‌وى بینى، ئه‌و تێڕوانینه‌ى وه‌ك په‌یامێك له‌سه‌ر جه‌سته‌ى ئه‌و هه‌ڵگرت، كردى به هه‌زار سیما و رۆح و كاره‌كته‌ر، كردى به ئه‌كته‌رێكى راسته‌قینه.
هۆمایۆن ئیرشادى له ساڵى 1947 له ئه‌سفه‌هان له دایك بووه، ته‌لارسازى له زانكۆى كافۆسكارى له ڤینیسا خوێندووه، ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه ئێران و وه‌ك ئه‌ندازیار كار بكات. هه‌رگیز رۆژێك كارى نواندنى له خه‌یاڵ نه‌بووه. تا ئه‌و رۆژه‌ى كیارۆسته‌مى له پشتى جامى ئۆتۆمبێلێكى وه‌ستا و له تاران ده‌یدۆزێته‌وه. سیمایه‌كى كپ له دنیا ده‌ڕوانى وه‌ك ئه‌وه‌ى زیاتر ببینێ له‌وه‌ى بینراو بێت. ئه‌م رێكه‌وته‌یش گرنگترین دووانه‌ى له مێژووى سینه‌ماى ئێران دروست كرد.
له فیلمى "تامى گێڵاس 1997" ئیرشادى سیماى خۆى به كاره‌كته‌رى به‌دیعى ده‌به‌خشێت. ئه‌و پیاوه‌ى كه به ده‌ورى تاران ده‌گه‌ڕێت به دواى كه‌سێك مشتێك خاك هه‌ڵبگرێت و بیخاته سه‌ر گۆڕه‌كه‌ى. به یادگارییه‌ك رێزى بگرێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆشى بكوژێت. زیاتر ئۆتۆمبیله‌كه‌ى لێ ده‌خوڕێت نه‌ك قسه بكات. رێگه ده‌دات بێده‌نگى ئه‌و شتانه بكات كه وشه‌كان ناتوانن بیكه‌ن. له گرده رووته‌كانى ده‌وروبه‌رى پایته‌خت ده‌گه‌ڕێ، له چاڵه‌كان و ته‌پۆڵه به‌ردینه‌كان و رێگه خواروخێچه‌كان كه شاره‌كه و بیابان له یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌دواى ژیان بگه‌ڕێت، له شوێنێكدا كه هه‌موو شته‌كانى تێیدا كۆتاییان هاتووه. له‌وێ له په‌راوێزى ئاوه‌دانى و نه‌بوون "عه‌ده‌م"، ماناى كۆچكردن تاقى ده‌كاته‌وه. خاكێكى چۆڵ ده‌كات به ئاوێنه‌ى رۆح، هه‌ر چاڵێك به گۆڕێكى مه‌زنده‌كراو ده‌چێت، هه‌ر پێچكردنه‌وه‌یه‌ك هه‌وڵێكه بۆ تێگه‌یشتن له بوون.
هۆمایون ئیرشادى هه‌مان وانه‌ى به شێوازى نوێ دووباره كرده‌وه: ده‌كرێ بێده‌نگى پاڵه‌وانێتى بێت، جێگیربوونیش شێوه‌یه‌ك بێت له شێوه‌كانى دراما. بۆیه چیتر ئه‌كته‌رێك نییه نواندن بكات، به‌ڵكو له ناو كاره‌كته‌رێكدا جێگیر ده‌بێت.
ره‌خنه‌گرانى رۆژئاوا وه‌ها وه‌سفى ده‌كه‌ن، هۆمایون ئه‌و سیمایه‌یه كه له بێده‌نگى زمانێكى گێڕانه‌وه‌ى ته‌واوى دروست كردووه. ئه‌و گوزارشتى له قورسایى هه‌ست كردووه به سیمایه‌ك كه به ئاسته‌م ده‌جووڵێت. ره‌خنه‌گرانى ئه‌مه‌ریكى باسیان له‌وه كردووه نه‌بوونى راهێنانى شانۆى واى كردووه، ئه‌و پیاوه خاڵى بێت له زه‌خره‌فه‌ى كارى نواندن، نزیك بێت له خورپه‌یى مرۆیى خاو.
كوڕى ته‌لارسازى فێرى ئه‌وه بووه ڤاڵایى "فه‌راغ" دژى تژیبوون نییه، به‌ڵام مه‌رجى هه‌یه. له كاره‌كانى ده‌ركه‌وت، له هه‌ر تێڕوانینێك دیمه‌نێك ده‌نوێنێ، له رووناكى و بێده‌نگى رێتمێك وه‌رده‌گرێت. له ئاماده‌بوونى هۆمایۆن فه‌لسه‌فه‌ى كیارۆسته‌مى ده‌دره‌وشێته‌وه: مرۆڤ به‌شێكه له دیمه‌ن، سیمایه‌كه له سیماكانى سروشت، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئاوێنه‌یه‌ك بێت بۆ كات. به‌مشێوه‌یه كاتێك كیارۆسته‌مى دۆزیوه زیاتر له به‌ڵگه‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد، فیلمه‌كه رێگه‌ى به‌ره‌و دنیا بڕى، ئێرانى له رووه مرۆییه‌كه‌وه ده‌رخست، نۆستالۆجیا، فارسێكى ده‌وڵه‌مه‌ند به مێژوو و هه‌قایه‌ت. هه‌روه‌ها فیلمه‌كه پێگه‌ى كیارۆسته‌مى له مێژووى سینه‌ما جێگیر كرد، كاتێك له فیستڤاڵى كان خه‌ڵاتى دارخورماى زێڕ‌ینى به‌ده‌ست هێنا.
دواى "تامى گێڵاس" سیماى ئیرشادى نه‌گۆڕا، به‌ڵكو نه‌خشه‌كانى دنیا له ده‌وروبه‌رى ئه‌ودا گۆڕان. له ریالیزمى شاعیرانه‌ى سینه‌ماى ئێران به‌ره‌و جیهانیبوون رۆیشتووه. بێ ئه‌وه‌ى زمانى تایبه‌ت و كه‌م جووڵه‌كانى له ده‌ست بدات. له فیلمى "كۆلاره‌فڕێن 2007" مارك فۆرسته‌رى ده‌رهێنه‌ر پێی وابوو كارى نواندنى هۆمایون زیاتر زگماكى و راستگۆیانه، زێتر پشت به دڵى ده‌به‌ستێت نه‌ك ته‌كنیكه رووكه‌شه‌كان. ئه‌م ساده‌ییه بووه خاڵى جیاكردنه‌وه، ئه‌مه‌یش وایكرد كارى نواندنى ئه‌و بۆ هه‌موو كولتووره جیاوازه‌كان بچێت.
له فیلمه‌كانى دواترى "دارهه‌رمێ The Pear Tree 1998"كه فیلمى داریۆش میهرجۆی، تا "30 خوله‌ك دواى نیوه‌شه‌و Zero Dark Thirty 2012" كه له‌لایه‌ن كاترین بیگلۆ ده‌رهێنراوه. هۆمایون ئیرشادى هه‌مان وانه‌ى به شێوازى نوێ دووباره كرده‌وه: ده‌كرێ بێده‌نگى پاڵه‌وانێتى بێت، جێگیربوونیش شێوه‌یه‌ك بێت له شێوه‌كانى دراما. چاوه‌كانى دوو په‌نجه‌ره بوون بۆ دنیاى ناخى، هه‌موو كپییه‌ك له‌لاى ئه‌و تاوتوێ كراوه و پڕه له سۆز. وه‌ك ئه‌وه‌ى فیلمێك له ناو فیلمێكى تر بنووسێته‌وه له‌باره‌ى مرۆڤى خۆشگوزار، له‌باره‌ى ئه‌و رووناكییه‌ى له ڤاڵاییه‌وه ده‌رده‌چێت.
سینه‌ما ماڵێكى پێ به‌خشى، ته‌نیا ئه‌وه نییه تێیدا نیشته‌جێ ده‌بێت، به‌ڵكو په‌ناى بۆ ده‌بات كاتێك له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانى گه‌ردوون به‌ریه‌كتر ده‌كه‌ون. ژیانێكى پێ به‌خشى كه له وه‌چه‌نانه‌وه ناكه‌وێت. وانه‌یه‌كى پێ به‌خشى، له‌وه‌ى ده‌كرێت سیمایش رۆحێكى نیگه‌رانى هه‌بێت، رۆحێك به زه‌حمه‌تى تێبگات و هه‌قایه‌تێك هه‌ڵبگرێت. ئیرشادى دوو له رووناكى مایه‌وه، رۆڵه‌كانى به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژاردن وه‌ك ته‌لارسازێك به‌رد و په‌نجه‌ره بۆ خانه‌وه‌كه‌ى هه‌ڵبژێرێت، به‌دیقه‌ت و هێمن و ئاشته‌وایى، كه‌مێكیش كوفرى تاقى كرده‌وه و دواتر تۆبه‌كارانه گه‌ڕایه‌وه لاى خودا.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له 11ى تشرینى دووه‌مى 2025 ئیرشادى له ته‌مه‌نى 78 ساڵى دواى ململانێیه‌ك له‌گه‌ڵ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه كۆچى دواى كرد. بۆ ساڵانێكه ره‌خنه‌گران پێیان وایه ئه‌و سیماى بێده‌نگى فه‌لسه‌فى بوو له سینه‌مایى ئێران. ده‌رهێنه‌ران به‌و شێوه‌یه وه‌سفیان كرد پیاوێك بووه ئه‌وانى فێر كردووه كه ده‌كرێت نواندن گوێگرتن بێت له بێده‌نگى، بێده‌نگیش توانى گێڕانه‌وه‌ى هه‌یه و له گفتوگۆ ره‌وانتره.
كه‌چى كیارۆسته‌مى دواتر له هیچ كارێكى تر له‌گه‌ڵ ئیرشادى یه‌كیان نه‌گرته‌وه. تاكه دیدارى ئه‌وان له "تامى گێڵاس" بوو، ئه‌م ئاماژه‌یه به‌س بوو بۆ تۆماركردنى ئاماده‌یى هه‌ردووكیان له یاده‌وه‌رى سینه‌مادا، ده‌رهێنه‌رێك رێكه‌وت به قه‌ده‌ر ده‌زانێت، ئه‌كته‌رێك وا له‌و رێكه‌وته ده‌كات ببێته چاره‌نووسێكى هونه‌ریى ته‌واو. هۆمایون ئیرشادى چۆن ژیا هه‌روه‌هایش رۆیشت، به بێده‌نگى هیچ ژاوه‌ژاوێكى نه‌كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌و دیمه‌نه سینه‌ماییه ته‌واو بكات كه به‌ر له 30 ساڵ ده‌ستى پێ كرد. ئه‌و كاته‌ى ئۆتۆمبیله‌كه‌ى له رێگاكانى تاران ده‌بڕى و بۆ كه‌سێك ده‌گه‌ڕا له دواى مردنى به یادێك رێزى بگرێت.