بنەماڵەكەی خانووەكەی عەزیز گەردیان فرۆشتووە و وەزارەتیش كتێبەكانی دەگوازنەوە بۆ هەولێر

:: AM:08:56:17/11/2025 ‌
لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی كتێبخانەی گشتیی زەیتوونە، سەرجەم كتێبەكانی نووسەری دیاری كورد عەزیز گەردیی بۆ دەگوازرێتەوە و بریكاری وەزارەتی رۆشنبیریش دەڵێت: زیاتر لە 18 هەزار و 600 كتێبی عەزیز گەردی دەبەنە كتێبخانەكە.

بڕیارە لەم رۆژانەدا كتێبخانەی زەیتوونە دوای نۆژەنكردنەوەی لەلایەن كۆرییەكانەوە جارێكی تر بكرێتەوە، كتێبخانەكە سەرچاوەگەلێكی زۆری تێدایە و شوێنێكی نایابە بۆ خوێندنەوە و كۆڕ و كۆبوونەوە رۆشنبیرییەكان.

كتێبخانەی زەیتوونە پێشتر لەلایەن كۆرییەكانەوە بنیات نراوە و دەكەوێتە ناو پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمانەوە، وەزارەتی رۆشنبیریی حكوومەتی هەرێم سەرپەرشتیی دەكات و كتێبخانەكە بەشێكە لە وەزارەتەكە.

لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی كتێبخانەكە، بڕیارە سەرجەم دەستنووس و كتێب و چاپكراوەكانی نووسەری دیاری كورد عەزیز گەردی بۆ كتێبخانەكە بگوازرێتەوە.

لەمبارەیەوە ئاریان سەڵاحەدین، بە"وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەم 17ی تشرینی دووەم، بەشی زۆری كتێبخانەكە دەكرێتەوە و ئەو بەشەشی ماوە هەر لەم مانگەدا تەواو دەكرێت.

بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری گوتی، سەرجەم كەلوپەلەكان و كتێب و دەستنووسەكانی د. عەزیز گەردی كە لەلایەن وەزراەتی رۆشنبیرییەوە لە بنەماڵەكەی كڕاوە، دەگوازرێتەوە بۆ كتێبخانەی زەیتوونە و لە هۆڵێكی تایبەت بە گەردی دادەنرێت.

ئاریان سەڵاحەدین باسی لەوەش كرد، زیاتر لە 18 هەزار و 600 كتێبی عەزیز گەردی لەلایەن لیژنەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە تۆمار كراون، لە ماڵەكەی خۆیەوە لە بەحركە دەگوازرێنەوە بۆ كتێبخانەكە لە هەولێر.
 
پێشتر وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كتێبخانەكەی عەزیز گەردییان بە 136 ملیۆن دینار لە میراتگرەكانی كڕییەوە.

 وەزارەتی رۆشنبیری هەوڵی دا خانووەكەشی بكڕن و هەر لە شوێنی خۆی وەك مۆزەخانەیەك بیخەینە خزمەتی هاووڵاتییان، بەڵام میراتگرەكانی خانووەكەیان "فرۆشتبوو."



وشە - سۆران عەزیز