دوای 63 ساڵ "گۆران" هێشتا كاریگەریی قورسی لەسەر شیعری كوردی هەیە

:: PM:01:02:18/11/2025 ‌
ئەمڕۆ 63 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی شاعیری ناسراوی كورد "گۆران" تێپەڕ دەبێت، ئەو شاعیرەی توانی ببێتە دەستپێكی قۆناغی نوێی شیعری كوردی و دابڕانی لە نێوان كلاسیك و نوێدا دروست كرد.

گۆرانی شاعیر لە تەمەنی 15 ساڵیدا یەكەم شیعری خۆی نووسیوە و بۆ دایكی ناردووە، دواتر بەرەبەرە تواناكانی لە نووسینی شیعردا زیاتر دەبێت و بەردەوام شیعری نوێ دەنووسێت كە سەرنجی هاوڕێیەكانی بۆ خۆی ڕادەكێشێت.

گۆران ناوی تەواوی عەبدوڵا بەگی سلێمان بەگە كە بە "گۆران" ناسراوە، لە ساڵی 1904 لە شارۆچكەی هەڵەبجە لە دایك بووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و سلێمانی تەواو كردووە، تا 1937 لە خوێندنگە سەرەتاییەكانی ئەو ناوچەیەدا مامۆستا بووە، پاشان چالاكیی سیاسی و ڕۆژنامەوانیی دەست پێ دەكات.

گۆران بووە قۆناغێكی تری شیعری كوردی دوای كلاسیك و وەك مامۆستای شیعری نوێی كوردی دێتە هەژمار، پێش ئەو شاعیران بەكلاسیكەوە سەرقاڵ بوون، بەڵام گۆران ئەو قۆناغەی كۆتایی پێ هێنا و قۆناغێكی تری شیعری دامەزراند.

سەرسوڕهێنەری ئەو شاعیرە لەوەدا بووە كە هەموو ساتەوەخت و كەرەستە و ڕووداو و دیاردەكانی ژیان، بە شیعر گوزارشت كردووە و دەربڕینی هەست و بۆچوونەكانی خۆی لە ڕێگەی هونەری شیعرییەوە دەربڕیوە، سەیرەكەش لەوەدایە كە ئەمەی بە جوانترین وێنە لەناو شیعردا نەخشاندووە، ئەو شاعیرە گەورەیە لە پاڵ نووسینی شیعردا، دەستێكی باڵاشی لە هونەری نووسینی پەخشان و وەرگێڕاندا هەبووە.

لە 1952 لە زۆر لە ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردییەكاندا گوتار و بابەتی دەنووسی و چەند پەرتووكی ھۆنراوەشی نووسیوە، گرنگیی گۆران لەوەدایە كە یەكەم شاعیری نوێی كوردە كە شێوازی عەرووزیی عەرەبی لە ھۆنراوەی كوردیدا لابردووە و بە شێوازی فولكلۆری كوردی ھۆنراوەی نووسیوە.

گۆرانی شاعیر بە بەكارهێنانی زمانی شیعری و بە زمانی ڕۆژانەی خۆی كاریگەریی زۆری لەسەر خەڵك هەبوو، چونكە زمانێكی پاككراو و ڕەسەن و تەڕ و بڕی بەكار دەهێنا، بۆیە خەڵكیش وردە وردە لەسەر ئەو ڕیتمە لە زمانی كوردی دەڕۆیشت، لە كاتێكدا ئەو خۆی زمانزانێكی زۆرباش و سەركەوتووی هەبووە كە عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی و توركیشی بە باشی زانیوە.

گۆران شاعیرێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، بۆیە لەگەڵ ژیانێكی هەژارانەی سەخت، لەسەر هەڵوێستەكانی چەند جارێك خراوەتە گرتووخانە و لە تەمەنی خۆشیدا جگە لە هەولێر و سلێمانی، لە بەغدا و فەلەستین ژیاوە و سەردانی ڕووسیا و چین و كۆریای باشووری كردووە.

گۆران لە كۆتایی پەنجاكان و سەرەتای شەستەكاندا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی گەدە دەبێت، بۆ چارەسەر دەچێتە ڕووسیا و دوای ماوەیەك مانەوەی لەژێر چاودێری پزیشك، بەڵام چارەسەرەكان بێ سوود دەبن، بۆیە دوای ماوەیەك دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لە 18ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1962 كۆچی دوایی كرد.

دوای خۆی هەموو شاعیرانی تر بەمامۆستای یەكەمیان زانیوە، لەوانە شێركۆ بێكەس و حەمەسەعید حەسەن و چەندانی تر بەئاشكرا دەڵێن: كاریگەریی گۆرانمان زۆر لەسەر بووە.

پایز پایز
بووكی پرچ زەرد
من مات، تۆ زیز
هەردوو هاودەرد
 من فرمێسكم، تۆ بارانت
من هەناسەم، تۆ بای ساردت
من خەم، تۆ هەوری گریانت،
دوایی نایە: دادم، دادت،
هەرگیز، هەرگیز،
پایز پایز
 
پایز پایز
شان و مل ڕووت،
من مات، تۆ زیز،
هەردووكمان جووت
هەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگرین
ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگرین
پۆلی باڵدار ئەفڕێ بگرین،
بگرین... بگرین... چاومان نەسڕین،
هەرگیز، هەرگیز،
پایز پایز



وشە - سۆران عەزیز